
فێرخوازانى بەشی تەکنیکەکانی وێنەگرتنی تیشکی بە سەردانێکی زانستی نەخۆشخانەی سویدی بەسەردەکەنەوە
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 26, 2026
لە ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتی 25ی تشرینی دووەمی 2026، بەشی تەکنیکەکانی وێنەگرتنی تیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکی زانستیی بۆ فێرخوازانی قۆناغی یەکەم بۆ نەخۆشخانەی سویدی لە هەولێر ڕێک خست.
ئەم سەردانە بە سەرپەرشتیی سەرۆکی بەش مامۆستای یاریدەدەر عومەر عادل محەممەد عەلی بەڕێوە چوو.
ناساندنی ئامێرەکانی دەستنیشانکرد
لە میانەی سەردانەکەدا، فێرخوازان سەرەتا لەلایەن دکتۆر ئەحمەد زیا عەبدولوەهاب پسپۆڕی وێنەگرتنی تیشکی پێشوازییەکی گەرمیان لێ کرا، لە وتەیەکدا ڕوونکردنەوەیەکی زانستیی دەربارەی ئامێری تیشکی ئێکس (X-Ray)، میکانیزمی کارکردنی و، بەکارهێنانەکانی لە دەستنیشانکردنی حاڵەتە نەخۆشییە جیاوازەکاندا پێشکەش کرد، سەرەڕای ئامێری زرینگانەوەی موگناتیسی (MRI)، بنەمای کارکردنی و، ئەو حاڵەتانەی پشتی پێ دەبەسترێت، لەگەڵ خستنەڕووی دیارترین جیاوازییەکانی نێوان هەردوو ئامێرەکە.
ڕێکارەکانی خۆپاراستن لە تیشک
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا دکتۆر ئەحمەد زیا عەبدولوەهاب بەشێوەیەکى کردارى ڕوونکردنەوەى وردى لەبارەى ڕێگەکانی خۆپاراستن لە تیشک و، ڕێکارەکانی سەلامەتیی پێویستی لە ناو بەشەکانی وێنەگرتنی تیشکیدا پێشکەش بە فێرخوازان کرد، وتیشى ڕێگەکانى خۆپاراستن بۆ کارمەندان بۆ نەخۆش و چارەسەرخواز و سەردانیکەران گرنگن، بۆیە جەختى لەسەر گرنگیی پابەندبوون پێیان لە کاتی کارکردندا کردەوە.
دەرفەتەکانی بازاڕی کار
لە بەشێکی تری سەردانەکەدا، دکتۆر ئەحمەد زیا عەبدولوەهاب ئەو بوارانەی خستە ڕوو کە لە بازاڕی کاردا لە بەردەم دەرچووانی تەکنیکەکانی وێنەگرتنی تیشکیدا کراوەن و، فێرخوازانیش لە ڕێگەی ئاراستەکردنی پرسیارەکانیانەوە کارلێکیان لەگەڵ بابەتەکاندا کرد، کە دەرفەتی پێ دان لە نزیکەوە ئاشنای ژینگەی ڕاستەقینەی کارکردن و، ئامێرەکان ببن.
You may also like


