فێرخوازانى تەندروستى کۆمەڵ ئاشناى ژینگەى کارکردنیان دەکرێن
بۆ لە نزیکەوە ئاشنابوون بە ژینگەى کارى داهاتوویان، سەرۆکایەتى بەشى تەندروستى کۆمەڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر پەرەى زیاتر بە سەردان و گەشتە زانستیەکانى دەدات.
لەو چوارچێوەیەدا، ڕۆژى سێشەممە ڕێکەوتى (٣٠/١١/٢٠٢١) فێرخوازانى قۆناغى سێیەمى بەشى تەندروستى کۆمەڵ بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر ئەیاد عەبدوڵلا ڕەشید سەردانى نەخۆشخانەى ڕزگارى فێرکاریان لە شارى هەولێر کرد.
لە میانەى سەردان و بەسەرکردنەوەى نەخۆشخانەکەدا، فێرخوازان لە نزیکەوە ئاشناى بوارى کارى داهاتوویان کران بەتایبەت ئەو نەخۆشیانەی کە کاریگەریان لەسەر پیشەگەران و ڕێگەکانی چارەسەرکردنیان هەیە، لەگەڵ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشەکان و چۆنیەتی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی پەیوەندیدار بەپیشەگەرییەکان بەشێکى دیکەى مەبەستى سەردانە زانستیەکەى پێکدەهێنا و، فێرخوازانیش بەوردى ئاشناى بوار و جۆرى کارەکان کران.