
فێرخوازانی بەشی ئەندازياری پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك بە سەردانێکی زانستی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری بەسەردەکەنەوە
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 18, 2026
ڕۆژی سێشەممە ڕێککەوتی 17/11/2026، فێرخوازانی قۆناغی سێیەم لە بەشی ئەندازياری پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانێکی زانستییان بۆ فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری سەربە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام دا.
ئەم چالاکییە زانستییە بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر مەریوان خەلیل بەڕێوە چوو، کە تێیدا فێرخوازان لەلایەن ڕێڤان بەزاز بەڕێوەبەری کارگێڕیی دۆمەینی (KRD) و، ژمارەیەک لە بەڕێوەبەر و کارمەندانى بەشە جیاوازەکان پێشوازییان لێکرا.
ئاشنابوون بە خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان:
لە یەکەم وێستگەى سەردانەکەیاندا بەڕێوەبەری کارگێڕیی دۆمەینی (KRD) باسى لە تایبەتمەندییەکانی فەرمانگەکە و، خزمەتگوزارییەکانی حکومەت بۆ حکومەت (G2G) () و، حکومەت بۆ هاووڵاتی (G2C) و، سروشتی دۆمەینی (KRD) و، جیاوازیی نێوان ئەم دۆمەینە و، دۆمەینی (COM) بۆ فێرخوازان کرد.
هاوکات دەشتی فریا جێگری سەرۆکی بەشی گەشەپێدانی دیجیتاڵی، ڕوونکردنەوەیەکى وردى دەربارەى سووڕی ژیانی گەشەپێدانی نەرمەکاڵا (SDLC)، میتۆدی ئەجایل (Agile) و، میکانیزمەکانی هەماهەنگیی نێوان تیمە تەکنیکییەکانی پێشکەش بە فێرخوازان کرد. لەگەڵ ئاماژەکردن بە تیمی کۆکردنەوەی پێداویستییەکان، پسپۆڕان چۆنیەتیی دۆکیومێنتکردنی پێداویستییەکانی لایەنە سوودمەندەکان، ڕێکخستنی خشتە کاتییەکان و، گواستنەوەی پێداویستییەکانیان بۆ گەشەپێدەران شیکردەوە. پاشان تیمی گەشەپێدان ئەرکەکانی گەشەپێدەرانی ڕووکاری پێشەوە و، پشتەوە و، میکانیزمی یەکخستن و، پێداچوونەوەی بەشەکانی سیستمەکانیان ڕوون کردەوە.
لەلایەکى دیکەوە لە بەشی دڵنیایی جۆریدا، ژیر فاروق شەریف لە تیمی دڵنیایی جۆری و، گەیاندنی دیجیتاڵی باسى لە ڕێکارەکانی تاقیکردنەوەی نەرمەکاڵا، دیاریکردنی ئەولەوییەتی پشکنین، دۆزینەوەی هەڵەکان و، ئاگادارکردنەوەی گەشەپێدەرانیان خستە ڕوو.
گەشتەکە بەسەردانێکى مەیدانى و ئاشنابوون بە ژووری چاودێریکردنی تۆڕ و، ئاسایشی (NOC/SOC) درێژەى کێشا، بۆ ئەوەش ئیدریس محەممەد جێگری سەرۆکی بەشی ژێرخان ڕوونکردنەوەیەکى وردى لەبارەى چاودێریکردنی سێرڤەرەکان، پاراستنی داتا و، بەرپەرچدانەوەی هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی لەخۆ بۆ فێرخوازان بە وردى باسکرد.
کۆتایی سەردانەکە:
لە کۆتایی سەردانەکەشدا فێرخوازان سەنتەری داتاکانیان لە فەرمانگە بەسەر کردەوە و، زانیارییان دەربارەی سیستمەکانی هەڵگرتنی یەدەگ (Backup) و، ڕێکارەکانی پاراستنیان پێشکەش کرا. بۆ ئەوەش مامۆستای سەرپەرشتیار سوپاسی ڕێڤان بەزاز بەڕێوەبەری کارگێڕیی دۆمەینی (KRD) و ستافى فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی کرد لە بەرامبەر کارئاسانی بۆ ڕێکخستن سەردانە زانستییەکە و بەسەرکردنەوەی بەشە جیاوازەکانی فەرمانگەکەدا.



