
فێرخوازانی بەشی ئەندازیاریی دیزاینی ناوخۆ بەشداری لە وۆرکشۆپێکی تایبەت بە دیزاینی ڕووناکی بە بەکارهێنانی بەرنامەی (DIALux evo) دەکەن
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 11, 2026
ڕۆژی دووشەممە ڕێککەوتی 09/11/2026، فێرخوازانی قۆناغی چوارەم لە بەشی ئەندازیاریی دیزاینی ناوخۆ لە زانکۆی جیهان-هەولێر بەشدارییان لە وۆرکشۆپێکی پسپۆڕی دەربارەی دیزاینی ڕووناکی بە بەکارهێنانی بەرنامەی (DIALux evo) کرد.
لەو وۆرکشۆپەدا، کە لە پیشانگەی (DIALUX Lighting) بۆ ڕووناکی لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو. فێرخوازانى بەشی ئەندازیاریی دیزاینی ناوخۆ بە سەرپەرشتیی مامۆستا ئەسماء ئەحمەد جاف بەشدارییان تێدا کرد.
بەر لە وۆرکشۆپەکە، فێرخوازان سەرەتا لەلایەن ئەندازیار کاروان ئەحمەد و، ئەندازیار عەدنان ڕەمەزان ئەندازیارانی دیزاینی ڕووناکی لە کۆمپانیای (DIALUX Lighting) پێشوازییەکی گەرمیان لێ کرا.
لە میانەی وۆرکشۆپەکەدا، ئەندازیار عەدنان ڕەمەزان شیکردنەوەیەکی وردی دەربارەی پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی دیزاینی ڕووناکی خستەڕوو، لەوانە جۆرە جیاوازەکانی ڕووناکی و، جێبەجێکردنەکانیان، هاوکات ئاماژەى بە چەمکە ڕووناکییە بنەڕەتییەکانی وەک تەوژمی ڕووناکی (Lumens) و، توندیی ڕووناکی (Lux).
هەروەها ئەندازیار عەدنان ڕەمەزان بەکارهێنانی کرداریی بەرنامەی (DIALux evo) ی نمایش کرد و، ڕێکارەکانی دارشتنی نەخشەی ڕووناکی، ئەنجامدانی هەژمارە ڕووناکییەکان و، هەڵبژاردنی چارەسەرە گونجاوەکانی بۆ دیزاینی ڕووناکی لە بۆشایییە ناوخۆیییەکاندا ڕوون کردەوە. ئەمەش دەرفەتی بە فێرخوازان بەخشی تاوەکو بە شێوەیەکى کرداری ئاشنای تەکنەلۆژیا نوێیەکان، یەکەکانی ڕووناکی، هەڵبژاردنی کەلوپەلەکان و، تێکەڵکردنی ڕەگەزە وەزیفی و، جوانکاریییەکان لە ژینگەی ناوخۆییدا بوون.
لەکۆتایی وۆرکشۆپەکەدا مامۆستای سەرپەرشتیار سوپاسی ئەندازیار کاروان ئەحمەد و، ئەندازیار عەدنان ڕەمەزان و، ئیدارەی پێشانگەی (DIALUX Lighting)ی کرد لە بەرامبەر کارئاسانی بۆ ڕێکخستن و، بەڕێوەبردنی وۆرکشۆپەکە.
You may also like


