
فێرخوازانی بەشی زمانى ئینگلیزی چالاکییەکی فێرکاری سەبارەت بە گێڕانەوەی چیرۆک بەزمانى ئینگلیزى لە قوتابخانەی شیاوی بنەڕەتی بەڕێوەدەبەن
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 7, 2026
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێککەوتی 05/11/2026، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەم لە بەشی زمانى ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان-هەولێر چالاکییەکی فێرکاریی زمانی ئینگلیزییان لە قوتابخانەی شیاوی بنەڕەتی بە سەرپەرشتیی مامۆستا پۆڵا تەحسین محەممەد سەرۆکی بەشی ئینگلیزی بەڕێوە برد.
ئاشناکردنی قوتابیان بە جۆرەکانی ناو لە زمانی ئینگلیزیدا:
لە سەرەتادا مامۆستا خدر عەبدوڵڵا ئەحمەد پێشوازیی لە فێرخوازانی زانکۆ کرد. پاشان فێرخواز محەممەد ئەحمەد بابەتی ناوەکان (Nouns) و، جۆرەکانی وەک ناوە گشتییەکان و، ناوە بەرجەستەکانی خستەڕوو.
دوابەدوای ئەوە، تارا عەبدولخالق حسێن شیکردنەوەی دەربارەی ناوە تایبەتەکان و، ناوە دابڕاوەکان پێشکەش کرد. هەروەها عەماد عیسا شاولات ڕوونکردنەوەی دەربارەی ناوەکانی کۆ و، ناوە لێکدراوەکان دا تاوەکو قوتابیانی قوتابخانەکە بە تەواوەتی لە جۆرە جیاوازەکانی ناو بەدەست بهێنن.
ئەنجامدانی پێشبڕکێی چیرۆکخوێنەوە:
بۆ جێگیرکردنی زانیارییەکان، فێرخوازان پێشبڕکێیەکی کارلێککارییان دەربارەی چیرۆکخوێندنەوە و، دیاریکردنی ناوەکان لە ڕێگەی دابەشکردنی قوتابیان بۆ سێ گروپ ئەنجام دا؛ گروپی (A) بە سەرپەرشتیی محەممەد ئەحمەد، گروپی (B) بە سەرپەرشتیی تارا عەبدولخالق حسێن و، گروپی (C) بە سەرپەرشتیی عەماد عیسا شاولات. فێرخوازانی زانکۆ چیرۆکی کورتیان بۆ گروپەکان خوێندەوە.
پاشان قوتابیان ناوەکانیان لەسەر تەختە تۆمار کرد، ئەمەش هۆکار بوو بۆ بەهێزکردنی کارامەیی گوێگرتن، کاری بەکۆمەڵ و، دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگی وشەکان.
لە کۆتاییدا گروپی (A) پلەی یەکەم، گروپی (C) پلەی دووەم، و، گروپی (B) پلەی سێیەمیان بەدەست هێنا.
ئەنجامی چالاکییەکە:
لە کۆتاییدا؛ فێرخوازانى بەشى زمانى ئینگلیزى سوپاسی مامۆستا خدر عەبدوڵڵا ئەحمەدیان کرد لە بەرامبەر کارئاسانی بۆ ڕێکخستن و، بەڕێوەبردنی چالاکییەکە.



