فێرخوازانی بەشی وەرگێڕان لە کتێبخانەی ئاشتی چالاکیەکى بەراوردکاری بۆ فەرهەنگە زمانەوانییەکان ئەنجام دەدەن
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (١١ی شوباتی ٢٠٢٦)، فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی وەرگێڕان لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکی زانستییان بۆ کتێبخانەی ئاشتی لە شاری هەولێر ئەنجامدا.
ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (زینە مەحمود) ڕێکخرا، لە میانی سەردانەکەیاندا، فێرخوازان ئاشنای نوێترین چاپەکانی فەرهەنگە جۆراوجۆرەکان بوون، لەوانە فەرهەنگەکانی (ئینگلیزی-ئینگلیزی، کوردی-ئینگلیزی، و عەرەبی-ئینگلیزی). بە هاوکاری ستافی کتێبخانەکە، فێرخوازان چالاکیەکى بەراوردکارییان لە نێوان چاپە کۆن و نوێیەکاندا ئەنجامدا، تاوەکو لە گۆڕانکارییە زمانەوانی و مۆرفۆلۆژییەکان تێبگەن. بۆ ئەوەش جەخت لەوە کرایەوە کە وەرگێڕی سەرکەوتوو دەبێت هەمیشە ئاگاداری نوێترین چاپەکان بێت بۆ ئەوەی وەرگێڕانێکی ورد و سەردەمیانە پێشکەش بکات.
فێرخوازان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی کە توانییان بەراوردی پێکهاتەی فەرهەنگەکان و تایبەتمەندییە زمانەوانییەکانیان بکەن کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە بواری خوێندنەکەیانەوە هەیە.







