
فێرخوازانی بەشی پەرستارى تەندروستی کۆمەڵ سەردانێکی زانستی بۆ نەخۆشخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ئەنجامدا
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 15, 2026
لە ڕۆژانی سێشەممە تا پێنجشەممە ڕێککەوتی 10 تا 12/11/2026، فێرخوازانی قۆناغی چوارەم لە بەشی پەرستارى تەندروستی کۆمەڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانێکی زانستییان بۆ نەخۆشخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئەنجام دا.
ئەم چالاکییە زانستییە بە سەرپەرشتیی دکتۆر فیراس ئیسماعیل مستەفا بەڕێوە چوو، کە تێیدا فێرخوازان لەلایەن فازڵ سەرۆکی بەشی پەرستاری لە نەخۆشخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر پێشوازییەکی گەرمیان لێ کرا و، کارئاسانیی تەواو بۆ ئەنجامدانی چالاکییە ڕاهێنانی و، کردارییەکانیان لە ناو نەخۆشخانەکەدا کرد.
ئاشنابوون بە پێوەرەکانی سەلامەتیی ژینگەیی:
لە میانەی گەشتەکەیاندا، فێرخوازان بەشە سەرەکییەکانی نەخۆشخانەکەیان بەسەر کردەوە، لەوانە بەشی فریاکەوتن، تاقیگە پزیشکییەکان، بەشی تیشک و، قاوشەکانی نەخۆشان. ئەم گەشتە یارمەتیی فێرخوازانی دا بۆ تێگەیشتن لە گرنگیی پشکنینی تەندروستی لە ئاشکراکردنی مەترسییە بایۆلۆجی، فیزیایی، کیمیایی و، ژینگەیییەکان لە ناو دامەزراوە تەندروستییەکاندا.
هەروەها لە میانەى سەردانەکەیاندا؛ فێرخوازان شوێنەکانی ئامادەکردن و، پێشکەشکردنی خواردن و، دامەزراوە تەندروستییەکانی نەخۆشخانەکەیان بەسەرکردەوە، کە تێیدا فێرخوازان زانیاریی کردارییان دەربارەی پێوەرەکانی پاکوخاوێنیی ژینگەیی و، ئاوەڕۆ، ڕێکارەکانی خۆپاراستن و، بەرەنگاربوونەوەی هەوکردن، و، میکانیزمەکانی بەڕێوەبردنی پاشماوە پزیشکییەکان بەدەست هێنا.
ڕاهێنانی کرداری لەسەر پشکنینی تەندروستی:
بەشێکى دیکەى سەردانەکەی فێرخوازان بریتی بوو لە ڕاهێنانی کرداری لەسەر ڕێکارەکانی پشکنینی تەندروستی لە ناو دامەزراوە تەندروستییەکاندا؛ فێرخوازان بە سەرپەرشتیی دەستەی ئەکادیمی و، کارمەندانی نەخۆشخانە فێری چۆنیەتیی دەستنیشانکردنی مەترسییە تەندروستییەکان، هەڵسەنگاندنی مەترسییەکانی سەلامەتی و، تۆمارکردنی ئەنجامی پشکنینەکان بە بەکارهێنانی لیستی پشکنین و، چاودێریی یەکگرتوو بوون.
هەروەها ڕێنمایییان پێ درا دەربارەی بەکارهێنانی دروستی کەرەستەکانی خۆپارێزیی کەسی، گیراوە پاکژکەرەوەکان و، ڕێکارە دروستەکان بۆ جیاکردنەوە و، مامەڵەکردن لەگەڵ پاشماوە پزیشکییەکان و، لەناوبردنیان.



