
گروپێک لە فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن پیشانگەیەكی هونەری لە شاری هەولێر بەسەر دەكەنەوە
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 14, 2026
ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێککەوتی 12ـی تشرینی دووەمی 2026، بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەکەریم)، ژمارەیەک لە فێرخوازانی قۆناغی دووەم و چوارەمی بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی جیهان ـ هەولێر پیشانگەیەكی هونەرییان لە گەلەریی ناوەندی گەنجان لە شاری هەولێر بەسەرکردەوە.
پیشانگە هونەرییەكە بەناونیشانی (ڕۆبێرتۆ ساڤیانۆ) كرابووەوە؛ تایبەت بوو بە بەرهەمە هونەرییەکانی هونەرمەند، نووسەر و مامۆستای زانکۆ دكتۆر فەرهاد پیرباڵ. لەو چوارچێوەیەدا هەریەکە لە فێرخوازان سەرکار حوسێن و یوسف ئەحمەد لە قۆناغی چوارەم، هەروەها ڕائد محەممەد، محەممەد ئەیاد و دڵزار زرار لە قۆناغی دووەم، ئامادەی پیشانگەکە بوون و لە نزیکەوە ئانشاى بە بەرهەمە هونەرییەکانی د.فەرهاد پیرباڵ بون.
لە پیشانگەکەدا، کۆمەڵێک تابلۆ و بەرهەمی شێوەکاریی دكتۆر فەرهاد پیرباڵ نمایش كرابوون، کە بە شێوازێکی هونەریی جیاواز و بە بەکارهێنانی ڕەنگ، هێڵ و شێوەی هێمایی درووست كێشرابوون. بەرهەمەکان جۆراوجۆرییەکی هونەرییان پیشان دەدا و تێیاندا وێنەی مرۆڤ، دەموچاو، چاو و شێوە ئەبستراکتەکان بە ڕەنگ و پێکهاتەی جیاواز بەرجەستە کرابوون. لە بەشێک لە تابلۆکاندا، تێکەڵکردنی ڕەنگە جیاوازەکان و بەکارهێنانی هێڵە سادە و ئاڵۆزەکان سەرنجڕاکێش بوو، کە دەرفەتی خوێندنەوە و لێکدانەوەی هونەریی جیاواز بۆ بینەران دەڕەخساند.
هەروەها، لە پیشانگەکەدا بەرهەمە چاپکراوەکانی دكتۆر فەرهاد پیرباڵیش دانرابوون، کە تایبەت بوون بە بوارەکانی ئەدەب و هونەر. ئەمەش دەرفەتێکی بۆ سەردانکەران ڕەخساند تا لە تەنیشت بەرهەمە شێوەکارییەکان، ئاشنای بەشێکی دیکە لە کار و بەرهەمە ئەدەبی و هونەرییەکانی ببن.
لە ماوەی بەشدارییان لە پیشانگەکەدا، فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن گەشتێکیان بەناو بەشە جیاوازەکانی گەلەرییەکەدا ئەنجام دا و لە نزیکەوە سەیری تابلۆ و بەرهەمە هونەرییەکانی دكتۆر فەرهاد پیرباڵیان كرد.
فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە شاری هەولێر بەشداریی لە چالاکییەکی ئەدەبییدا دەكەن
You may also like


