
فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە شاری هەولێر بەشداریی لە چالاکییەکی ئەدەبییدا دەكەن
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 14, 2026
ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکكەوتی 12ـی تشرینی دووەمی 2026، بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر ئەحمەد جەمال حەمەکەریم، ژمارەیەک لە فێرخوازانی قۆناغی دووەم، سێهەم و چوارەمی بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی جیهان ـ هەولێر بەشدارییان لە چالاکییەکی ئەدەبی و ڕۆشنبیری کرد کە لە هۆڵی كۆنفڕانسی ناوەندی گەنجان لە هەولێر بەڕێوەچوو.
ئەم چالاکییە لەلایەن ماڵی وەفایی، ناوەندی گەنجان و كوردستان كڕۆنیكەڵ ڕێکخرابوو و تایبەت بوو بە ناساندنی ڕۆمانی (کۆنسێرت بۆ کەڕان) لە نووسینی ڕۆماننووس (هنێر سەلیم). هەریەكە لە فێرخوازان سەرکار حوسێن و یوسف ئەحمەد لە قۆناغی چوارەم، محەممەد سەرمەد لە قۆناغی سێهەم، هەروەها ڕائد محەممەد، محەممەد ئەیاد و دلزار زرار لە قۆناغی دووەم ئامادەی چالاكییەكە بوون.
لە سەرەتای چالاکییەکەدا، ڕێبین فەتاح، بەڕێوەبەری ناوەندی ماڵی وەفایی، باسی لە وەرگێڕان و چاپکردنی ڕۆمانی (کۆنسێرت بۆ کەڕان) کرد و ڕوونی کردەوە کە ئەم بەرهەمە لە نووسینی هنێر سەلیم، وەرگێڕانی ڕێبین فەتاح و چاپكردنی ماڵی وەفاییە. هەروەها، ئاماژەی بەو قۆناغانە دا کە لەگەڵ نووسەری ڕۆمانەکە کاریان لەسەر کردووە، تا بەرهەمێکی شایستە و جێی ڕەزامەندیی خوێنەران پێشکەش بکرێت.
دواتر، هنێر سەلیمیش باسی لە هۆکارەکانی نووسینی ڕۆمانەکە کرد و هەندێک لە بیرۆکە و پاشخانەکانی ئەو دەقە ئەدەبییەی خستەڕوو. لە ناوەڕۆکی چالاکییەکەدا، ئاماژە بەوە درا کە ڕۆمانی (کۆنسێرت بۆ کەڕان) پرسیارگەلێکی گرنگ دەخاتەڕوو سەبارەت بە ئازادی، شووناس، زمان، هونەر و بەرپرسیارێتیی مرۆڤ.
چالاکییەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەر، ڕۆشنبیر و ئارەزوومەندانی بواری ئەدەب بەڕێوەچوو. لەنێوان ئامادەبوواندا، میران ئەبراهام و جان دۆست، وەک دوو لە ڕۆماننووسە ناسراوەکانی کورد، بەشدارییان کرد. هەروەها، ژمارەیەک لە ڕەخنەگرانی بواری ئەدەب خوێندنەوە و تێبینیی خۆیان لەسەر ڕۆمانەکە پێشکەش کرد، کە تیشکیان خستە سەر ناوەڕۆک، هونەری گێڕانەوە، زمان و ئەو پەیامە مرۆیی و نەتەوەییانەی کە ڕۆمانەکە لەخۆ دەگرێت.
لە كۆتایی چالاكییەكەدا، بەشداربووان سەرنج و بۆچوونەکانی خۆیان لەسەر ناوەڕۆکی کتێبەکە خستەڕوو و گفتوگۆیەکی ئەدەبی و ڕۆشنبیریی بەرێوەچووو، ئەوەش بووە هۆی ڕەخساندنی بوارێکی گونجاو بۆ ئاڵوگۆڕی بیر و بۆچوون لەنێوان نووسەر، وەرگێڕ، ڕەخنەگر و خوێنەراندا.
بەشی تەکنیکى وێنەگرتنی تیشکی چالاکیەکى بەبۆنەى ڕۆژی جیهانی تیشک بەڕێوەبرد
You may also like


