
فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن سەردانی دەزگای دیجیتاڵ میدیای گاڤ لە دهۆك دەكەن
- Posted by University Press
- Date تشرینی یەکەم 19, 2026
ڕۆژی شەممە ڕێككەوتی 17-10-2026، لە درێژەی گەشتە زانستی و مەیدانییەكەیاندا بۆ شاری دهۆك، بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم)، سەردانێكی مەیدانیی بۆ فێرخوازانی قۆناغەكانی (دووەم و سێیەم)ی بەشەكە بۆ دەزگای دیجیتاڵ میدیای (گاڤ) ڕێكخست،
لە دەستپێكی سەردانەكەدا، مامۆستای سەرپەرشتیار و فێرخوازان لەلایەن بەڕێز (شێرزاد نووری)، جێگری سەرنووسەری دیجیتاڵ میدیای گاڤ، پێشوازییەكی گەرمیان لێ كرا و بە گرنگییەوە باسی لەم سەردانە زانستییەی فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن كرد.
لە میانی بەسەركردنەوەی بەشە جیاوازەكانی دامەزراوەكەدا كە بریتی بوون لە (ژووری هەواڵ و ستۆدیۆی بەرهەمهێنان)، بۆ ئەوەش تیشكی خستە سەر ئەركی سەرەكیی دامەزراوەكەیان لە گەیاندنی دەنگ و ڕەنگی دەڤەری بادینان و پارێزگای دهۆك و بڵاوكردنەوەی ناوەڕۆك بە زاراوەی لۆكاڵی بە شێوازێكی تایبەتمەند و پیشەیی.
هاوكات، بە وردی باسی لە سرووشتی كاركردن لە دامەزراوەیەكی میدیاییدا كرد كە تەواوی پرۆسەكانی بەرهەمهێنان، مۆنتاژ و بڵاوكردنەوەی تێدا بە شێوازێكی دیجیتاڵی بەڕێوەدەچن، لەگەڵ ڕوونكردنەوەی میكانیزمەكانی بەڕێوەبردنی سۆشیال میدیا و بەرهەمهێنانی ڤیدیۆی كورت و سەرنجڕاكێش بۆ پلاتفۆرمە جیاوازەكان.
لەكۆتاییدا، لەلایەن مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم)، بە ناوی سەرۆكایەتیی بەشی ڕاگەیاندنەوە، سوپاس و پێزانین ئاراستەی (شێرزاد نووری) و تەواوی ستافی دیجیتاڵ میدیای گاڤ كرا، لە بەرامبەر پێشوازیی شایستە و ئاشناكردنی فێرخوازان بە سرووشت و تایبەتمەندییەكانی كاركردن لە ژینگەی میدیای دیجیتاڵیدا.



