
فێرخوازێکی بەشی ڕاگەیاندن لە دوو بەرنامەی تەلەڤزیۆنییدا شیکردنەوە بۆ یاریی کلاسیکۆی جیهان دەکات
- Posted by University Press
- Date تشرینی یەکەم 27, 2026
ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی 25/10/2026، فێرخوازێکی قۆناغی دووەمی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان ـ هەولێر، وەک شیکەرەوەیەکی وەرزشی، بەشداریی لە دوو بەرنامەی ڕاستەوخۆی تەلەڤزیۆنی لە هەردوو کەناڵی کوردستان 24 و ڕووداو کرد، کە تایبەت بوون بە گفتوگۆ و شیکردنەوەی یاریی کلاسیکۆی جیهان لەنێوان دوو یانەی بەرشەلۆنە و ڕیاڵ مەدرید.
لە بەشداریی یەکەمیدا، فێرخواز (ڕەهەند گۆران) میوانی بەرنامەیەکی وەرزشیی کەناڵی کوردستان 24 بوو، کە لەلایەن پێشکەشکار هەکار موحەممەدەوە بەڕێوە برا. هەروەها، لە بەشداریی دووەمیدا میوانی بەرنامەیەکی ڕاستەوخۆی کەناڵی ڕووداو بوو، کە سامان وڵاتژێری پێشکەشکاریی دەکرد.
لە هەردوو بەرنامەکەدا، ڕەهەند گۆران وەک هاندەر و شیکەرەوەیەکی لایەنگری یانەی بەرشەلۆنە، تێڕوانین و شیکردنەوەکانی خۆی دەربارەی ئاستی ئامادەباشیی هەردوو یانە و ئەگەرەکانی ئەنجامی یارییەکە خستەڕوو.
لە میانی گفتوگۆکاندا، تیشکی خستە سەر ئامادەکارییە تەکنیکی و تەکتیکییەکانی یانەی بەرشەلۆنە، شێوازی ڕێکخستنی پێکهاتەی یانەکە و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ هێڵە جیاوازەکانی یانەی ڕیاڵ مەدرید. هەروەها، ئاماژەی بە هەندێک خاڵی لاوازی ڕیاڵ مەدرید کرد و ئەو دەرفەتانەی شیکردەوە کە بەرشەلۆنە دەتوانێت لە ماوەی یارییەکەدا سوودیان لێ وەربگرێت.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، فێرخوازەکە باسی لە ئەگەر و سیناریۆ جیاوازەکانی ناو یارییەکە کرد و لە شیکردنەوەکانیدا پێی وابوو کە یانەی بەرشەلۆنە لە ڕووی ئامادەباشیی جەستەیی و دەروونی و تەکتیکییەوە دەتوانێت بە شێوەیەکی باش ڕووبەڕووی ڕیاڵ مەدرید ببێتەوە و دەرفەتی باشی بۆ بردنەوەی یارییەکە هەیە.
هەروەها، لەبارەی کاریگەریی ئەنجامی یارییەکانی پێشووی بەرشەلۆنەوە، ئاماژەی بە دۆڕانی یانەکە بەرامبەر پاریس سانجێرمان لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا کرد. لەو بارەیەوە، ڕایگەیاند کە ئەو دۆڕانە نابێتە هۆی دابەزینی ورە و ئاستی یاریزانانی بەرشەلۆنە لە کلاسیکۆدا، چونکە لە ڕابردوودا یانەکە دوای ئەنجامی نەرێنی لە یارییەکانی پێشوو توانیویەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی بەرامبەر ڕیاڵ مەدرید سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.



