لە بەشى نیوترشن و دایەتێتیکس خواردنى تایبەت بەڕەمەزان دروست دەکرێ
لەگەڵ هاتنى مانگى ڕەمەزانى پیرۆز، وەک نەریتێکى موسڵمان ڕۆژوانان لەو مانگەدا ڕوو لە کڕینى شیرینى دەکەن، چونکە ئارەزوویەکى زۆرى شیرینى دەکەن، بەڵام بەشێک لە موسڵمانان هەستەوەریان بەشیرینى هەیە و ناتوانن بیخۆن.
فێرخوازانى بەشى نیوترشن و دایەتێتیکس لە زانکۆى جیهان-هەولێر، ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٢١/٤/٢٠٢١) لە چالاکیەکى زانستیدا، کە بەسەرپەرشتى مامۆستا (یاسین جەلال) بەڕێوەچوو توانیان گۆڕانکارى لە پێکهاتەى کێک و شیرینەمەنیەکان بکەن و بۆ ئەوەى لەگەڵ ئەو کەسانە بگونجێ کە هەستیاریان بەرامبەر بەشیرینەمەنیەکان هەیە.
لە میانەى ئەو چالاکیەدا، فێرخوازانى قۆناغى دووەمى بەشى نیوترشن و دایەتێتیکس چەندین کێکى جۆرا و جۆریان دروستکرد، بەشێوەیەک تەواو تەندروست بۆ ئەوانەى هەستیاریان بەرامبەر بەبەرهەمەکانى گەنم هەیە و نەخۆشى شەکرەیان هەیە، بەو هۆیەوە فێرخوازان لە برى ئاردییان لە چەند پێکهاتەیەکى دیکەى وەک بادەم و جۆر هندى کاکاو…هتد دروستکرد.
ئەنجامدانى ئەو چالاکیە زانستیە، لە چوارچێوەى ڕاهێنانەکانى بەشى نیوترشن و دایەتێتیکس دێ، کە بۆ فێرخوازانى قۆناغە جیاکانى ئەنجامى دەدات، بەمەبەستى ئاشنابوون بەپێداویستیەکانى بازار بەتایبەت پێداویستى توێژە دیاریکراوەکان، لەهەمانکاتدا بۆ زیاتر ئاشنابوون بەپێکهاتەى خۆراک و شیرینەمەنیەکان و چۆنیەتى دروستکردنى خۆراکى تەندروست بەپێکهاتەى سود بەخش.