لە زانکۆی جیهان-هەولێر بەسەرکەوتویی کۆتایی بە خولێکی ڕاهێنانی پێشکەوتوو بۆ ستافی کۆمپانیای “الیسرة” هێنرا
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٢٠/٥/٢٠٢٦) هەردوو بەشی کارگێڕی کار و بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر، کۆتاییان بە خولێکی ڕاهێنانی پسپۆڕیی پێشکەوتوو بە ناونیشانی “بەڕێوەبردنی فرۆشتنی مۆدێرن و سەرکردایەتیی کاریگەر” بۆ ستافى کۆمپانیای (الیسرة) بۆ بازرگانیی گشتی و کەلوپەلی خۆراک هێنا.
ئەم خولە کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژی بەردەوام و ڕۆژانە پێنج کاتژمێر ڕاهێنان بە ستافى کۆمپانیاکە دەکرا، لە ڕۆژی دووەمی خولەکەدا، مامۆستای یاریدەدەر (ئەزوەر مەهدی قاسم ئاغا) وانەیەکی وردی دەربارەی کارامەییەکانی فرۆشتنی پیشەیی، شێوازی دەستنیشانکردنی خاوەن بڕیارەکان، پرۆتۆکۆڵی سەردانی مەیدانی و بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکانی کڕیار پێشکەش کرد. هەروەها تیشکی خستە سەر ڕۆڵی ژیریی دەستکرد (AI) لە کۆکردنەوەی داتا بۆ ئاڕاستەکردنی نوێنەرانی فرۆشتن. هاوکات، (دکتۆر ئارام حەنا مەسعودی) بابەتێکی پسپۆڕیی دەربارەی میکانیزمەکانی هەڵسەنگاندنی ئەدای خولی و بەدواداچوونی ئەنجامەکانی فرۆشتن و شێوازەکانی هاندانی تیمە مەیدانییەکان پێشکەش کرد.
لە ڕۆژی سێیەم و کۆتایی خولەکەدا، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر (هاوکار قاسم پیرداود) تێڕوانینێکی زانستیی دەربارەی جۆرەکانی داتا و میکانیزمەکانی شیکردنەوەی زانیارییە گەورەکان (Big Data) بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد خستە ڕوو، کە یارمەتیدەرە بۆ سەرکەوتنی کۆمپانیا لە بازاڕی ناوخۆییدا. لە کۆتاییشدا مامۆستای یاریدەدەر ئەزوەر مەهدی ڕاهێنانی بە کادرەکان کرد لەسەر تەکنیکەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی کڕیار و گۆڕینیان بۆ دەرفەتی فرۆشتن.
خولەکە بە دابەشکردنی بڕوانامەی ڕێزلێنان بەسەر بەشداربووان و مامۆستایانی وانەبێژ کۆتایی هات، بۆ ئەوەش ستافى کۆمپانیای (الیسرة) بۆ بازرگانیی گشتی و کەلوپەلی خۆراک ستایشی ڕۆڵی پێشەنگی زانکۆی جیهان-هەولێریان کرد لە پڕکردنەوەی کەلێنی نێوان خوێندنی ئەکادیمی و پێداویستییەکانی بازاڕ.







