
لە زانکۆی جیهان-هەولێر دووەم خولی ڕاهێنانی پێشکەوتوویی لە بواری سەرچاوە مرۆییەکان بۆ بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانی وەزارەتی بازرگانی عێراق دەستی پێکرد
- Posted by University Press
- Date تشرینی یەکەم 26, 2026
بە ڕاسپاردەی پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد صابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، لە ڕۆژی یەکشەممە ڕێککەوتی 25/10/2026 دووەم خولی ڕاهێنانی پێشکەوتوو لە بواری سەرچاوە مرۆییەکان بۆ بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە هۆڵی ئەکادیمیای زانکۆی جیهان-هەولێر دەستپێکرد.
خولەکە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بەردەوام دەبێت، بە بەشداریی بەرێوەبەران وسەرپەرشتیارانی بەشەکانى سەرچاوە مرۆییەکان لە دامەزراوەکانى سەر بە وەزارەتى بازرگانى عێراق.
دەستپێکی خولەکە:
لە یەکەم ڕۆژی خولەکەدا، کە بە ئامادەبوونی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر عبد الستار کریم، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و فێرخوازان و، نادیة جعفر نصیف، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی بەڕێوەچوو، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود، سەرۆک بەشی کارگێری کار. کورتەیەکی لەبارەی ئامانجەکانی خولەکە پێشکەش کرد.
ڕوونی کردەوە خولەکە کار بۆ پەرەپێدانی زانیاری و تواناى بەشداربووانە لە بواری بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆییەکان، بۆ بەرزکردنەوەی توانای بەڕێوەبردن لە فەرمانگە حکومییەکاندا، گۆڕینی بیرکردنەوەی بەڕێوەبردن لە شێوازی ڕۆتینییەوە بۆ بەڕێوەبردنێکی ستراتیژی و، پەرەپێدانی بەهرە و تواناکانی کارمەندان.
هەر لە ڕۆژى یەکەمى خولەکەدا، پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر محمود محمدامین عثمان مامۆستا لە بەشی کارگێری کار، بابەتێکی زانستیی دەربارەی نوێکردنەوەی فەلسەفەی بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆییەکان و گۆڕینی شێوازی تەقلیدی بۆ بەڕێوەبردنێکی ستراتیژی خستەڕوو.
هەروەها، گرنگی پەرەپێدانی تواناکانی کارمەندان، پاراستنی لێهاتویەکان و بەکارهێنانی شێوازە نوێیەکانی هەڵسەنگاندنی توانا و هاندانی کارمەندانی ڕوون کردەوە، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی کارایی و پەرەپێدانی دامەزراوە حکومییەکان.
هەروەها، دکتۆر محمود محمدامین عثمان گرنگی شیکردنەوە توانای وەزارەتەکان، دیاریکردنی جیاوازییەکانیان لەگەڵ حکومەتە پێشکەوتووەکان و دووبارە داڕشتنەوەی کەلتووری کار خستەڕوو، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی کارایی دامەزراوە حکومییەکان و باشترکردنی ئەنجامە دامەزراوەییەکان.
یەکەم ڕۆژى خولەکە بە گفتوگۆیەکى چڕ لە نێوان بەشداربووانى خولەکە و، مامۆستایانى خولەکە کۆتایی هات، کە تیایدا گفتوگۆیان لەسەر چەند بابەتێکى جیاوازى بوارى سەرچاوە مرۆییەکان کرد.
واش بڕیارە لە ڕۆژانى داهاتودا چەندین بابەتى دیکە لەلایەن مامۆستایان و شارەزایانى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشکەش بە بەشداربووانى خولەکە بکرێت.
You may also like


