لە زانکۆی جیهان-هەولێر وۆرکشۆپێکی نیشتمانی لەبارەى ڤایرۆسی “هانتا” و نەخۆشیە ڤایرۆسییەکان بەڕێوەچوو
بە چاودێری پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، هەردوو بەشی “شیکاریی تاقیگەیی پزیشکی” و “پەرستاریی تەندروستیی کۆمەڵ” لە زانکۆى جیهان-هەولێر ، وۆرکشۆپێکی زانستیی نیشتمانییان لەبارەى ڤایرۆسی “هانتا” و نەخۆشیە ڤایرۆسییەکان بە ناونیشانی ” Invisible Invaders: Understanding Emerging Viral Diseases in the Modern Era (Hantavirus)” بەڕێوەبرد.
لەو وۆرکشۆپەدا، کە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی (٢٤ی ئایاری ٢٠٢٦)، لە هۆڵی VIP بە ئامادەبوونى ژمارەیەکى زۆر لە مامۆستایان لە بەشە جیاوازەکان بەڕێوەچوو، تیایدا تیشک خرایە سەر مەترسیی زیادبوونى ڤایرۆسە نوێیەکان و ستراتیژییەکانی بەرگری و ئامادەکارییە جیهانییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ڤایرۆسییە نادیارەکان.
وۆرکشۆپەکە بە وتارێکی بەخێرهێنان لەلایەن پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر (زەین زفنکی) دەستی پێکرد، کە تێیدا جەختی لەسەر گرنگیی ئەنجامدانی چالاکییە زانستییەکان کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە تەندروستییە هاوچەرخەکان و بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان بوارەکانی زانستی تاقیگە، چاودێری تەندروستی و پەتاناسی. پاشان دکتۆر (سەماری سانکام) بابەتێکى زانستیی بە ناونیشانی “لە ژیانی کێوییەوە بۆ جیهان” پێشکەش کرد، کە تێیدا بە وردی باسی لە ڕێڕەوە شاراوەکانی گواستنەوەی ڤایرۆس لە ئاژەڵە کێوییەکانەوە بۆ مرۆڤ و ئەو فاکتەرانە کرد، کە دەبنە هۆی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان لە جیهانی مۆدێرندا.
لە تەوەرێکی دیکەدا، دکتۆر (بینا هالكۆ ئەحمەد شەوقی) بابەتێکی بە ناونیشانی “هەڕەشە نادیارەکان لە جیهانێکی پێکەوەبەستراودا” پێشکەش کرد، کە تێیدا تیشکی خستە سەر ئاستەنگەکانی بەردەم تەندروستیی گشتی و بایەخی چاودێریی ورد و ئامادەکاریی جیهانی بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی ڤایرۆسە سەرهەڵداوەکان. هەروەها مامۆستا (شەلو فارس ئەحمەد) لە کۆتا تەوەری وۆرکشۆپەکەدا باسی لە “ئەودیو سنوورەکان: بەرگریی جیهانی دژی هەڕەشە ڤایرۆسییە نادیارەکان” کرد و جەختی لەسەر پێویستیی داڕشتنی ستراتیژیی بەرگریی هاوبەش و بەهێزکردنی هەماهەنگییە زانستییە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی تەندروستیی کۆمەڵگە کردەوە.
ئەم وۆرکشۆپە نیشتمانییە بە گفتوگۆیەکی زانستیی کراوە و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لە نێوان مامۆستایان و بەشداربووان کۆتایی هات، کە تێیدا وەڵامی چەندین پرسیاری پسپۆڕیی پەیوەست بە ڤایرۆسی “هانتا” درایەوە.










