مامۆستایەکی زانکۆی جیهان-هەولێر بە گەشتێکی زانستی مۆزەخانەی (Fuzhou Shipbuilding) لە وڵاتی چین بەسەردەکاتەوە
- Categories بهشی ئهندازیاری تهلارسازی
- Date تەممووز 6, 2026
ڕۆژى شەممە، ڕێکەوتی ٤ی تەممووزی ٢٠٢٦، لە چوارچێوەی کارەکانی پرۆگرامى ” پەرەپێدانی پیشەسازیی بیناسازیی زیرەک بۆ وڵاتانی ڕێگەی ئاوریشم” (he Development of the Intelligent Construction Industry for Belt and Road Countries)، مامۆستای یاریدەدەر (لانا شەهاب ئەحمەد) لە بەشی ئەندازیاریی تەلارسازی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، وەک بەشێک لە شاندی ئەکادیمییە نێودەوڵەتییەکان، بەشداری لە گەشتێکی زانستی و مەیدانیدا کرد بۆ “مۆزەخانەی کەشتیسازیی فۆژو (Fuzhou Shipbuilding Museum)” لە وڵاتی چین.
لە میانی ئەم بەسەرکردنەوەیەدا، مامۆستا لانا شەهاب بەشە جیاوازەکانی مۆزەخانەکەی بەسەرکردەوە و لە نزیكەوە ئاشنای چەمکە تەلارسازییەکان و بیرۆکەکانی “دیزاینی ناوخۆیی (Interior Design)” تایبەت بەو ناوەندە بوو. لە گەشتەکەدا، ڕێبەری گەشتیاریی مۆزەخانەکە بە وردی ڕوونکردنەوەی زانستی و مێژوویی دەربارەی بەشە جیاوازەکان و فەلسەفەی دیزاینی مۆزەخانەکە پێشکەش بە ئامادەبووان کرد، کە چۆن توانیویانە ڕەهەندە مێژووییەکان لەگەڵ تەکنەلۆژیای سەردەمدا ئاوێتە بکەن. ئەم سەردانە هەروەها دەرفەتێکی گرنگ بوو بۆ دروستکردنی پەیوەندیی پیشەیی لەگەڵ شارەزایانی “نووسینگەی دیزاینی ناوخۆیی فۆجین (Team Fujian Interior Office)” بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی ئەزموون و گفتوگۆکردن لەسەر دەرفەتە نێودەوڵەتییەکانی داهاتوو لە بواری دیزاینکردنی مۆزەخانە و بینا یادگارییەکاندا.
ئەم جۆرە پەیوەندییە پیشەییانە ئامانجیان دۆزینەوەی چارەسەری داهێنەرانەیە لە بواری تەلارسازی و دیزاینی ناوخۆییدا، کە ڕاستەوخۆ خزمەت بە دامەزراوە حکومییەکان، پەرەپێدانی توێژینەوە زانستییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیی فێرخوازانى ئەندازیاریی تەلارسازی لە ڕێگەی گواستنەوەی ئەزموونە جیهانییەکان بۆ ناوەندە ئەکادیمییەکان دەکات.
لە ڕووی پێکهاتە و مێژووەوە، “مۆزەخانەی کەشتیسازیی فۆژو (Fuzhou Shipbuilding Museum)” کە دەکەوێتە شاری فۆژو لە چین، بە یەکێک لە دیارترین مۆزەخانەکان دادەنرێت کە مێژووی پیشەسازیی کەشتیسازیی مۆدێرن لەو وڵاتەدا بەدیکۆمێنت دەکات. مۆزەخانەکە وەک ناوەندێکی ستراتیژی بۆ پاراستنی میراتی دەریایی و دەستکەوتە تەکنەلۆژییەکان و گەشەسەندنی پیشەسازیی ناوچەکە کاردەکات. مۆزەخانەکە لە ڕێگەی نمایشکردنی پارچە و کەرەستە مێژووییەکان، کەلوپەلە نۆژەنکراوەکان و بەکارهێنانی تەکنیکی نمایشکردنی کارلێکەر (Interactive display techniques)، وێنەیەکی ڕوونی گۆڕانکارییە پیشەسازی و تەکنەلۆژییەکانی چین بۆ پسپۆڕان و گەشتیاران نمایش کراوە.



