بەرنامەى ڕووانگە ئەزمونێکى نوێى فێرخوازێکى بەشى ڕاگەیاندن
بەهەماهەنگى ڕادیۆ و تەلەفزیۆنى جیهان و، لە چوارچێوەى پاڵپشتیە بەردەوامەکانى مامۆستایانى بەشى ڕاگەیاندن لە سەرجەم فێرخوازانى بەشەکە، (ڕابەر خەلیل حەسەن) فێرخوازى قۆناغى دووەم بەرنامەیەکى هەفتانە بەناونیشانى (ڕووانگە) ئامادە و پێشکەش دەکات.
بەرنامەکە هەموو ڕۆژانى سێشەممە کاتژمێر (١٠:٣٠) بەیانیان لە ڕادیۆى جیهان بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ پەخش دەکرێ، بەرنامەکە بەمیواندارى شارەزایان و گەنجان گفتوگۆ لەبارەى بابەتە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتیەکانى گەنجان دەکات، بەتایبەت گرفتە کۆمەڵایەتیە نوێیەکان.
ڕادیۆ و تەلەفزیۆنى جیهان بەهەماهەنگى بەشى ڕاگەیاندن پاڵپشتى هونەرى و میدیایی سەرجەم فێرخوازان دەکەن و، بەبەردەوام هانیان دەدەن بەرنامەى ڕادیۆى و تەلەفزیۆنى جۆراوجۆر ئامادە و پێشکەش بکەن، ئامانجى سەرەکیش ڕاهێنانى فێرخوازانە بەکارى میدیایی و، ئەزمونکردنى بوارەکە و پراکتیزەکردنى ئەو زانستەیە کە لەماوەى خوێندن فێرى دەبێ.
بەشداریکردنى فێرخوازان لە ئامادەکردنى و پێشکەشکردنى بەرنامەى تەلەفزیۆنى و ڕادیۆیی دەرفەتێکى گرنگ بۆ دەسکەوتنى کارى فێرخوازان لە داهاتوودا دەڕەخسێنێ، لەهەمانکاتدا جۆرێک لە پێشبڕکێى زانستى و میدیایی لە نێوان فێرخوازان دروست دەکات بۆ پێشکەشکردنى باشترین بەرنامە تا وێنەگرتن و ئامادەکردنى بەرنامەى جۆراوجۆر.