بەشى کارگێڕى کار وۆرکشۆپێکى لەبارەى شیکردنەوەى داتا و زانیارى بەڕێوەبرد
بەمەستى سودوەرگرتن لە میکانزمە نوێیەکان بۆ شیکردنەوەى داتا بەدەستهاتوەکان لە بوارى توێژینەوەى زانستى، سەرۆکایەتى بەشى کارگێڕى کار وۆرکشۆپێکى بەڕێوەبرد.
ڕۆژى شەممە ڕێکەوتى (١٦/٤/٢٠٢٢) دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود سەرۆکى بەشى کارگێڕى کار لە زانکۆى جیهان-هەولێر لە هۆڵى ئەکادیمیاى زانکۆ وۆرکشۆپێکى تایبەت بەبوارى ئامار بەڕێوەبرد.
لە وۆرکشۆپەکەدا، کە ژمارەیەک لە مامۆستایانى زانکۆ ئامادەیبون، دکتۆر هاوکار قاسم بەشى یەکەمى بابەتەکەى تەرخانکرد بۆ باسکردن لە ڕێگە و شێوازەکانى سود وەرگرتن لە ئامار بۆ شیکردنەوەى داتاکان، بۆ ئەوەش باسى چۆنیەتى شیکردنەوەى داتا بەدەستهاتوەکان و بەتاڵکردنەوەى فۆرمى ڕاپرسى و ئەنجامەکان و ڕاسپاردە و پێشنیازەکان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد.
هەرچى بەشى دوەمى وۆرکشۆپەکە بوو، تەرخان کرا بۆ شیکردنەوەى داتا و ئامارە بەدەستهاتوەکان بەڕێگە نوێیەکان، بۆ ئەوەش بەوردى باسى لە بەرنامەى (SPSS) و جیاوازى لەگەڵ بەرنامەکانى دیکە کرد، ئەوەشى ڕونکردنەوەى لە ڤێرژنى نوێى بەرنامەى (SPSS) گۆڕانکارى و پەرەپێدانى زۆر کراوە، کە کارئاسانى تەواو دەکات بۆ ئەوەى بگات بەئامانجى ورد و زانستى تر، جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە، کە بەرنامەى (SPSS) یەکێکە لە بەرنامە هەر گرنگەکانى بوارى ئامار و ڕێگە و شێوازەکانى بەکارهێنانیشى زۆر ئاسان و سادەیە.