فێرخوازانی بەشی نیوتریشن و دایەتێتکس چەند خواردنێکی تەندروست ئامادە دەکەن
گروپێک لە فێرخوازانی قوناغى دووەمی بەشی نیوتریشن و دایەتێتکس لە چالاکیەکى زانستیدا چەند جۆرە خواردنێکى تەندروست و جۆراوجۆران ئامادەکرد.
لە میانەى دروستکردنى خواردنەکاندا، فێرخوازان جەختیان لەسەر دروستکردنى ئەو خواردنانە کردەوە، کە بەشێک لە هاوڵاتیان هەستیاریان پێى هەیە، بۆ ئەوەش شێوازی ئامادەکردنی ئەو خواردن و شیرینیانەیان بەشێوەیەکى تەندروست ئامادەکرد بۆ یارمەتیدانی ئەو کەسانەی کە ئەو جۆرە کێشانەیان هەیە .
هەر بۆ ئەو مەبەستە فێرخوازەکان قەڕنابیتیان لە شوێنی هەویر بەکارهێنا بۆ ئامادرکردنی پیتزای کەم کاڕبۆهایدرات و بێ گلوتین، ئەوەش بۆ ئەو کەسانەی کە هەستەوەری دژی گلوتین و نەخۆشی سیلیاك(نەخۆشی گەنم )یان هەیە لەگەڵ بەکارهێنانی سەوزەی جۆراو جۆر کە بۆ کێش دابەزاندنیش دەشێ .
هەروەها فێرخوازان نانیان بە بەکارهێنانی نیسك ئامادەکرد بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرە و، نەخۆشی سیلیاك و هەستەوەری گلوتینیان هەیە، لەگەڵ دروستکردنى سوپی برۆکلی کە پڕە لە ڕیشاڵ و پڕۆتین و بە سوودە بۆ کێش دابەزاندن.
لەبارەى شیرینى فێرخوازان چوار جۆر لە شیرینی تەندروستیشیان ئامادەکرد، کە چەرەزات و شلك بە شکۆلاتە بون بۆ کێش دابەزاندن و، ئەوانەى نەخۆشی سیلیاك و هەستەوەری گلوتینیان هەیە، لەگەڵ دروستکردنى شیرینی چەرەزات و خورما و پەنیری (قشتە) بە فستق کە یارمەتی کێش زیادکردن و وەرزشوانان دەدەن .
ئەو شێوازی ئامادەکردنی خواردن و شیرینیانە لە لایان فێرخوازان زۆر گرنگن بۆ باشترکردنی تەندروستی ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرە و ، هەستەوەری گلوتین و نەخۆشی سیلیاكیان هەیە، لەگەڵ ئەو کەسانەى ئارەزوى کێش زیادکردن یان دابەزاندنى کێشیان دەکەن.