بەشی تەندروستی کۆمەڵ چالاکیەکی زانستی لە ناوەندەکانی خوێندن بەڕێوەدەبات
وەک بەشێک لە ئەرکەکانیان بۆ چۆنیەتی هۆشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە لەسەرجەم ئاست و چین و توێژە جیاکان، سەرۆکایەتی بەشی تەندروستی کۆمەڵ چالاکیەکی زانستی بۆ فێرخوازان ڕێک دەخات.
ڕۆژی پێنچ شەممە ڕێکەوتی (١٠/٣/٢٠٢٢) بەسەرپەرشتی مامۆستایانی یاریدەدەر ئەیاد عەبدوڵلا و ئارام محەمەد، فێرخوازانی قۆناخی یەکەم و دوەم لە بەشی تەندروستی کۆمەڵ، لە قوتابخانەی جمهوری چالاکیەکی زانستیان بۆ فێرخوازان ئەنجامدا.
چالاکیەکە بریتی بوو لە پێدانی زانیاری تەندروستی بەفێرخوازانی قوتابخانەکە، بەئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری تەندروستیان و چۆنیەتی زاڵبون بەسەر بەربەستە تەندروستیەکان و، ڕەخساندنی ژینگەیەکی تەندروست و سەلامەت بۆ خۆیان و خێزانەکانیان، هەر لە میانەی چالاکیەکەدا فێرخوازانی بەشی تەندروستی و کۆمەڵ وەڵامی سەرەنج و پرسیارە تەندروستیەکانی ئامادەیی جمهورییان دایەوە.