بەشی ڕاگەیاندن بە هاوکاری ڕێکخراوی فریاکەوتنى میللى وۆرک شۆپێک لەبارەى کاریگەرییەکانی تەکنەلۆژیا بەڕێوەدەبات
سەرۆکایەتى بەشی ڕاگەیاندن لە کۆلێژی ئاداب لە زانکۆی جیهان-هەولێر بەهاوکارى ڕێکخراوى فریاکەوتنى میللى (PAO) وۆرکشۆپێکی ڕاهێنانی بۆ ژمارەیەک لە فێرخوازانى بەشی ڕاگەیاندن لە قۆناغە جیاکان بەڕێوەبرد.
لەو وۆرکشۆپەدا، کە ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٥/١٠/٢٠٢٣) لە هۆڵى ئەکادیمیاى جیهان بۆ ڕاهێنان و پەرەپێدان بەڕێوەچوو، هەریەک لە لاس عەبدولڕەسووڵ خدر و کارزان عومەر لە ڕێکخراوى فریاکەوتنى میللى لە دوو وتەى جیادا بەوردى باسیان لە کاریگەرییە ئەرێنی و نەرێنییەکانی تەکنەلۆجی کرد.
لە بەشێکى دیکەى وۆرکشۆپەکەدا، فێرخوازانى بەشداربوو دابەشى سەر چەند گروپێکى جیا کران و، پێکەوە تاوتوێى لایەنە جیاکانى هەڕەشەى ئەلیکترۆنی وەک یەکێک لەلایەنە نەرێنییەکانی تەکنەلۆژیای مۆدێرن، مۆدێل و نموونەی هەڕەشەى ئەلیکترۆنی، نموونەی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسەکانی هەڕەشەکردنى ئەلیکترۆنیان کرد، هاوکات گفتوگۆیان لەبارەى چۆنیەتى سەرچاوەکانى هەڕەشەکردن و ڕێگەچارەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ هەڕەشەکانى ئەلیکترۆنی و بەڵگەنامەکردنی کەیسەکانی هەڕەشەکردن کرد، هەروەک ئەنجامدانی ڕاپرسی لەسەر کاریگەرییە نەرێنییەکانی هەڕەشەى ئەلیکترۆنى بەیەکێک لە پێداویستیەکان تاوتوێکرا.
لە میانەى وۆرکشۆپەکەدا، فێرخوازان بەشداریەکى چالاکانەیان کرد و، بە پێشکەشکردنی کەیس و مۆدێل لە ڕێگەی بەکارهێنانی وەرەقە و ئامادەکردنی پرسیارنامە ئەلیکترۆنیەکان و هێنانەوەى چەند نمونەیەکى کەیسەکانی هەڕەشەکردن و دۆزینەوەی چارەسەری پراکتیکی تەوەرەکانى وۆرکشۆپەکەیان زیاتر دەوڵەمەند کرد، وۆرکشۆپەکەش بووە مایەى خۆشحاڵى فێرخوازان و دەوڵەمەندکردنى ئەزمونى کارى میدیاییان.