بەشی ڕاگەیاندن گەشتێکی زانستی بۆ ڕۆژنامەی خەبات بەڕێوەبرد
لە چوارچێوەی چالاکییە زانستییە ساڵانەکانیدا، سەرۆکایەتى بەشی ڕاگەیاندن لە کۆلێژی ئاداب و هونەر لە زانکۆی جیهان – هەولێر ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (27/9/2022) بەسەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەری (عومەر حەسەن فەهمی) گەشتێکی زانستی بۆ بۆ فێرخوازانى قۆناغی دووەم بۆ ڕۆژنامەی خەبات لە شارى هەولێر ڕێکخست.
لەسەرەتادا، لەلایەن سەلام عەبدوڵڵا سەرنووسەری رۆژنامەی خەبات بەخێرهێنانى فێرخوازان کرا، دواتر باسى لە قۆناغەكانی دامەزراندن و گەشەسەندنى رۆژنامەى خەبات کرد، ئینجا باسى لە تایبەتمەندییەکانى ڕۆژنامەى خەبات و شێوازى کارکردنیان لە ئێستا بۆ فێرخوازان کرد.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازان هاوڕێ لەگەڵ سەردار حسێن بەڕێوەبەری پەیامنێرانی ڕۆژنامەکە، بەشە جیاکانى ڕۆژنامەى خەباتیان بەسەرکردەوە، گەشتەکەیان لە بەشى ئەرشیفەوە دەستی پێکرد، کە لە سەرەتای دامەزراندنی ڕۆژنامەکە لە ساڵی ١٩٥٩ تا ئێستا پارێزراوە، دواتر بەشی دیزاینیان بەسەرکردەوە، بۆ ئەو مەبەستە کورتەیەک لەبارەى قۆناغەکانی دیزاینکردنی ڕۆژنامەکە پێشکەش بەفێرخوازان کرا.
لە کۆتاییدا، لەلایەن ڕۆژنامەى خەبات کۆپیەک لە کتێبێکی چاپکراوى ڕۆژنامەکە، کە تایبەت بە ئەرشیفی ڕۆژنامەکە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئێستا پێشکەشى فێرخوازان کرا، ڕێکخستنى ئەم سەردانە مەیدانیانە دەگەڕێتەوە بۆ گرنگیدانى سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر و سەرۆکایەتى بەشە جیاوازەکان بەسروشتى ژینگەى کارکردن لە بوارە جیاوازەکان.