
بەشی کارگێڕی کار وۆرکشۆپێک دەربارەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان و، ڕێکارەکانی خۆپاراستن بەڕێوەدەبات
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 25, 2026
ڕۆژی سێشەممە ڕێککەوتی 24/11/2026، سەرۆکایەتیی بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتیی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود و، بە ئامادەبوونی مامۆستایان و، فێرخوازانی زانکۆ، وۆرکشۆپێکی بۆ عەمید حەکیم عومەر دارەبەنی بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی کۆمەڵگەییی هەولێر و، موقەدەم کیفاح حەسەن ئیسماعیل وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لە هۆڵی (VIP)ـی زانکۆ بە ناونیشانی «تاوانە ئەلیکترۆنییەکان و ڕێکارەکانی خۆپاراستن» ساز کرد.
بەهێزکردنی خۆپاراستنی کەسی لە تاوانەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
لە میانەی وۆرکشۆپەکەدا، عەمید حەکیم عومەر دارەبەنی بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی کۆمەڵگەیی هەولێر، ڕوونکردنەوەیەکی گرنگی دەربارەی مەترسییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و، شێوازە جیاوازەکانی تاوانکاری لە ڕێگەی ئەم پلاتفۆرمانەوە پێشکەش کرد. لە قسەکانیدا جەختی لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی هۆشیاریی کەسی و کۆمەڵایەتی کردەوە و، ئاماژەی بەوە دا کە پاراستنی زانیارییە کەسییەکان، وریابوون لە هاوبەشکردنی وێنە و زانیاریی تایبەتی و، دوورکەوتنەوە لە پەیوەندیکردن لەگەڵ کەسانی نەناسراو، لە هەنگاوە سەرەتایییەکانی خۆپاراستنن لە تاوانە ئەلیکترۆنییەکان.
یاسای ژمارە (6) و، ڕێگریکردن لە خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی
لە تەوەرێکی دیکەی وۆرکشۆپەکەدا، عەمید حەکیم عومەر دارەبەنی ڕوونکردنەوەی لەسەر یاسای ژمارە (6) تایبەت بە ڕێگریکردن لە خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی پێشکەش کرد و، تیشکی خستە سەر گرنگیی پابەندبوون بە ڕێنمایی و، ڕێسا یاسایییەکان لە بەکارهێنانی مۆبایل و، ئامێرە ئەلیکترۆنییەکاندا.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە بەکارهێنانی نایاساییی ئەم ئامێرانە، وەک هەڕەشەکردن، سووکایەتیپێکردن، بڵاوکردنەوەی زانیاری و، وێنەی تایبەتیی کەسان بەبێ ڕەزامەندییان و، هەموو ئەو کردارە نایاسایییانەی کە زیان بە تاک و، کۆمەڵگە دەگەیەنن، لێکەوتەی یاساییی توندیان بەدوای خۆیاندا دەبێت.
چۆنیەتی خۆپاراستن لە تاوانە ئەلیکترۆنییەکان
لە بەشێکی تری وۆرکشۆپەکەدا، موقەدەم کیفاح حەسەن ئیسماعیل بەشێک لە ڕێنمایی و، ڕێکارە کردارییەکانی خۆپاراستن لە تاوانە ئەلیکترۆنییەکان خستە ڕوو و، جەختی لەسەر گرنگیی بەکارهێنانی وشەی نهێنیی بەهێز و، جیاواز بۆ هەر هەژمارێک کردەوە. هەروەها ڕایگەیاند: پێویستە فێرخوازان لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەر حاڵەتێکی گوماناوی، وەک هاککردنی هەژمار، فریودانی ئەلیکترۆنی، هەڕەشە و، بڵاوکردنەوەی زانیاریی تایبەتی، بەڵگەکان بپارێزن و، بە شێوەیەکی یاسایی لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە.
گفتوگۆی کراوە
لە کۆتایی وۆرکشۆپەکەدا، دەرگای گفتوگۆ و پرسیارکردن بۆ فێرخوازان و، مامۆستایانی ئامادەبوو کرایەوە و، بەشداربووان دەرفەتیان هەبوو پرسیار و، تێبینییەکانی خۆیان لەبارەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان و، ڕێگاکانی خۆپاراستن لەگەڵ پێشکەشکارانی وۆرکشۆپەکەدا ئاڵوگۆڕ بکەن.
لە کۆتاییشدا، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود سوپاسی عەمید حەکیم عومەر دارەبەنی، موقەدەم کیفاح حەسەن ئیسماعیل و، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی کۆمەڵگەیی هەولێری کرد بۆ پێشکەشکردنی ئەم وۆرکشۆپە هۆشیارکەرەوەیە و، هاوکارییان لە بەهێزکردنی هۆشیاریی یاسایی و، دیجیتاڵیی فێرخوازان و، پاراستنیان لە مەترسییەکانی جیهانی ئەلیکترۆنی.
You may also like


