بەشی کارگێڕی کار چالاکیەکى هونەری و خۆبەخشانەى بۆ منداڵانی تووشبوو بە نەخۆشی داون بەڕێوەبرد
ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢٩ی شوباتی ٢٠٢٤)، فێرخوازانى بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر بە هاوکاری ڕێکخراوی (Maple Tree) و کۆمپانیای برایت پترۆزۆن چالاکیەکی هونەری و کاری دەستی خۆبەخشانەn بۆ قوتابیانی پەیمانگەی ئاوات بۆ نەخۆشی داون بەڕێوەبرد.
دەستپێشخەرییەکە بریتی بوو لە بەکارهێنانی کەرەستەی ڕیسایکل کراو کە هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ژینگە نەبوو، ئامانجی سەرەکی چالاکییەکە بریتی بوو لە بەرزکردنەوەی ئاستى تێکەڵبوونی منداڵانی تووشبوو بە نەخۆشی داون لەگەڵ کۆمەڵگە، بۆ ئەو مەبەستەش چالاکییەکە بە دیزاینکردنی کاری دەستی و کارە هونەریەکان لەسەر کاغەز لەلایەن فێرخوازانى بەشی کارگێڕی کار دەستیپێکرد. پاشان ئەم دیزاینانە بە هاوکاری لەگەڵ منداڵانی تووشبوو بە نەخۆشی داون جێبەجێ کران، ئەوەش بە بەکارهێنانی کەرەستەی خاو و ڕیسایکل کراو کە هیچ زیانێکی بۆ ژینگە نەبووە.
چالاکییە هونەرییە خۆبەخشیەکە کەشێکی خۆشی و پەروەردەیی دروست کرد. منداڵانی پەیمانگای ئاوات لە کاتی تەواوکردنی کارە دەستییەکان لەگەڵ فێرخوازانى زانکۆی جیهان-هەولێر خۆشحاڵ و دڵخۆشی خۆیان دەربڕی، ئەم چالاکییە یەکەم نییە، بەڵکو پێشتر بەشى کارگێڕى کار لەگەڵ پەیمانگەی ئاوات بۆ نەخۆشی داون زنجیرەیەک چالاکى دیکەى بەڕێوەبردوە.