بەشی یاسا بەشدارى لە پێشبركێی دادگای گریمانەیی نێودەوڵەتی ناسراو بە (Jessup) دەکات
لە ڕۆژانى (١١،١٢،١٣/٢/٢٠٢٤) بەشی یاسا لە زانكۆی جیهان-هەولێر بەشدارى لە پێشبركێی دادگای گریمانەیی ناسراو بە (Jessup) کرد.
لەو پێشبڕکێیەدا، کە لە هۆڵى (VIP) زانکۆ بەبەشدارى کۆمەڵێک بەش و کۆلێژەکانى یاسا لە زانکۆکانى لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان و عێراق بەشداربوون، بەیەکێک لە گەورەترین پێشبركێی دادگای گریمانەی نێودەوڵەتی دادەنرێت.
زانکۆکان بە تیمی تایبەتی خۆیان بەشداریان لە پێشبڕکێیەکەدا کرد و، لەلایەن دادوەرە نێوەدەوڵەتیەكان هەڵسەنگاندنى زانستى و دادوەریان بۆ کرا، لە کۆتایی پێشبڕکیەکەدا دکتۆر عومەر زوبێر سەرۆكی بەشی یاسا لە زانکۆى جیهان-هەولێر وتەیەكی پێشكەش كرد و، بە ناوی زانكۆی جیهان-هەولێر و سەرۆكایەتی بەشی یاسا، باسی لە گرنگی ئەم جۆرە پێشبڕكێیانە كرد بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی زانستى فێرخوازانى یاسا و، زیادكردنی كارامەیی و لێهاتوویان بۆ قۆناغەكانی دوای دەرچونیان لە زانكۆ.
ئەم پێشبركێیە ساڵانە لەسەر ئاستی كۆلێژەكانی یاسا ئەنجام دەدرێت و كۆمەڵێك لە زانكۆ لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان بەشدارى دەکەن و، براوەى دەچێتە شاری واشنتن لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریكا بۆ بەشداریکردن لە پێشبڕکێى نێودەوڵەتى و بەدەستهێنانى خەڵاتى پێشبڕکێیەکە.