بەچەند چالاکیەک ڕۆژى جیهانى خۆراک لە زانکۆى جیهان-هەولێر کرایەوە
بەچاودێرى و ئامادەبوونى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس چەند چالاکیەکى جیاى بەڕێوەبرد.
لە ڕۆژانى (١٣-١٤/١٠/٢٠٢١) و بەبۆنەى ڕۆژى جیهانى خۆراک بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆى جیهان-هەولێر چەند چالاکیەکى ڕێکخست، لە ڕۆژى یەکەمدا بەئامادەبوونى ژمارەیەکى زۆر لە مامۆستایانى زانکۆ و توێژەران و پسپۆڕانى بوارەکە لە هۆڵى (VIP) زانکۆ وۆرکشۆپێک بەڕێوەچوو، لە وۆرکشۆپەکەدا لەلایەن هەریەک لە (دکتۆر ساڵح زێبارى، دکتۆر بەشدار ئەبو زێد، دکتۆر بەهناز شاهرو خسینۆ و مامۆستا یاسین جەلالى) مامۆستایانى بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس چەند توێژینەوەیەکى زانستى سەبارەت بەڕۆژى خۆراک و گرنگى پاراستنى خۆراک و دابینکردنى خۆراکى تەندروست پێشکەش کرا.
لەهەمان کاتدا لەلایەن ژمارەیەک توێژەرى دیکە، کە بەشێوەى ئۆنلاین لە ژمارەک لە زانکۆ نێودەوڵەتیەکانى جیهان بەشداربوون چەند توێژینەوەیەکى دیکە پێشکەشکرا، بۆ ئەوەش (پرۆفیسۆر هاندى لە زانکۆى بلیموث لە بەریتانیا، دکتۆرە مریەم ئیسماعیل لە زانکۆى ویسترن لە کەنەدا، پڕۆفیسۆر قەیس نەجم لە یەمەن و، دکتۆرە ورود ئەلسانى لە زانکۆى مەلیک عەبدولعەزیز لە سعودیە) بەچەند توێژینەوەیەکى جیا بەشداربوون، کە تیایدا نوێترین توێژینەوەیان سەبارەت بەبابەتەکانى پەیوەست بەخۆراکى تەندروست و چۆنیەتى دروستکردنى خۆراک و بەکارهێنانى تەکنەلۆژیاى نانۆ بۆ پەرەپێدانى پێوەرەکانى خۆراکى تەندروست خستەڕوو، لەهەمانکاتدا باسیان لە نوێترین یاساى بەرکار بۆ پێوەرەکانى دڵنایى جیهان کە بە (هساب) ناسراوە باسکرا، هاوکات بەرزکردنەوەى ئاستى هۆشیارى تاکەکانى کۆمەڵگە سەبارەت بەگرنگى کەمکردنەوەى خۆراکى زیادە تەوەرێکى دیکەى توێژینەوەکان بوون.
لەلایەکى دیکەوە، هەر بەبۆنەى ڕۆژى جیهانى خۆراک، لە زانکۆى جیهان-هەولێر لەلایەن پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و, دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆكی ئەمیندارییەتی زانكۆكانی جیهان و پڕۆفیسۆرى دکتۆر عەبدولستار کەریم سەعید یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و فێرخوازان مامۆستایانى زانکۆ پیشانگەیەکى خۆراکى فێرخوازانى بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس کرایەوە.
لەو پیشانگەیەدا، لەگەڵ نمایشکردنى ژمارەیەک پۆستەر کە گوزارشتى لە خۆراک و جۆرەکانى خۆراکى تەندروست و زیانەکانى خۆراکى ناتەندروست دەکرد، هاوکات لەلایەن ژمارەیەک فێرخوازى دیکە چەندین جۆر خواردن و شیرنەمەنى تەندروست نمایش کرابوون، کە لەلایەن فێرخوازانەوە دروستکرابوون.
ڕۆژى (١٠/١٦)ى هەموو ساڵێک لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوى خۆراکى جیهانى بەڕؤژى جیهانى خۆراک دانراوە، لەو ڕۆژەدا لەلایەن دامەزراوە فەرمیەکان و ناوەندە ئەکادیمیەکان و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان بەچالاکى جیا یادى ئەو ڕۆژە دەکرێتەوە، بەئامانجى دابینکردنى خۆراکێکى تەندروست و هۆشیارکردنەوەى هاوڵاتیان سەبارەت بەپاراستن و گرنگى خۆراک