بەکۆمەڵێک دەرئەنجامى گرنگ چوارەمین كۆنفرانسی زانستى نێودهوڵهتی بۆ ئهندازیاری تهلارسازی و شارستانی لە زانکۆى جیهان-هەولێر کۆتایى بەکارەکانى هات
لە ڕۆژانى چوارشەممە و پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢١-٢٢/١٢/٢٠٢٢) بەچاودێرى دکتۆر ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، زانکۆى جیهان-هەولێر و، بەئامادبوونى ژمارەیەکى بەرچاو لە ئەکادیمیستان و توێژەران و شارەزایان و مامۆستایانى زانکۆ، زانکۆى جیهان-هەولێر بەهاوبەشى زانکۆى پۆلیتەکنیکى فوراتى أوسط (چوارەمین کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى بۆ ئەندازیارى تەلارسازى و شارستانى)یان بەڕێوەبرد و، بەخستنەڕووى کۆمەڵێک دەرئەنجام کارەکانى کۆنفرانس کۆتای هات.
لە میانەى دوو ڕۆژى کۆنفرانسەکەدا، (٢٩) توێژینەوە لە ڕێگەى چەند پانێڵێکى جیاواز، کە تایبەت بوون بە بوارەکانى (دروستکردنى باڵەخانە و دۆستی ژینگە، پلاندانانی شار بۆ شارەکان، کەرەستەی بیناسازی، ئەندازیاری ڕێگاوبان، ئەندازیاری پێکهاتەیی و سیستمی ڕووپێوی و زانیاری جوگرافی (GIS)..هتد) لەلایەن توێژەران و پسپۆڕانى ناوخۆیی و عێراق و نێودەوڵەتى پێشکەشکران، هەروەک دوابەدواى پێشکەشکردنى سەرجەم توێژینەوەکانى ئەو پانێڵانە، لەلایەن ئامادەبووان و بەشداربووانى کۆنفرانسەکە، چەندین پرسیار ئاراستەى توێژەران کرا، هاوکات بەشێک لە بەشداربووان بەسەرەنج و بۆچون و ڕەخنە زانستیەکانیان توێژینەوەکانیان دەوڵەمەنتر کرد، بەوەش کۆنفرانسەکە گڕوتینێکى زانستى زۆرى لە نێوان ئەندامانى کۆنفرانس دروستکرد، لەهەمانکاتدا توێژەران وەڵامى پرسیار و سەرەنج و بۆچوونى بەشداربوانیان دایەوە.
لە کاتژمێر (12)ى نیوەڕۆى ڕۆژى پێنچ شەممە، ڕێکەوتى (٢٢/١٢/٢٠٢٢)، لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بە مەراسیمێک کۆتایى بەکارنامەى کۆنفرانسەکە هات، بۆ ئەو مەبەستە سەرەتا پرۆفیسۆر دکتۆر (ئەمجەد صابر دەلۆ) سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتارێکى پێشکەش کرد، لە وتارەکەیدا سوپاس و ستایشى هەموو لێژنەکانى ئامادەکار و زانستى و بەڕێوەبردنى چوارەمین كۆنفرانسی زانستى نێودهوڵهتی بۆ ئهندازیاری تهلارسازی و شارستانی لە زانكۆی پۆلیتەکنیکى فوراتى أوسط و، زانکۆى جیهان-هەولێر کرد، کە لە ماوە (٦ مانگى) ڕابردودا هەموو هەوڵێکیان خستەکار بۆ سەرخستنى کارنامەى کۆنفرانس، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر هەر لە وتارەکەیدا دوپاتیکردەوە، کە زانکۆکەیان لەگەڵ زانكۆی پۆلیتەکنیکى فوراتى أوسط لە کارە هاوبەشەکانیان بەردەوام دەبن و، لە داهاتوودا کۆنفرانسى زانستى ونێودەوڵەتى لە بوارە جیاجیاکانى دیکە دەبەستن بۆ خزەتکردن بەکۆمەڵگە.
لە بڕگەیەکى دیکەى کۆتایی کۆنفرانسەکەدا، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر مەدالیاى سوپاس و پێزانینى پێشکەش بە سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى فوراتى أوسط و، قسەکارانى سەرەکى کۆنفرانس کرد، لەگەڵ دابەشکردنى بڕوانامەى بەشداربوون بەسەر توێژەران و ئامادەکارانى کۆنفرانسەکە.
پاشانیش کورتە فیلمێک لەبارەى ڕووداوە و چالاکیەکانی چوارەمین کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى ئەندازیارى و شارستانى نمایشکرا.
لە ۆکتایدا؛ ئەنجام و دەرئەنجامەکانى کۆنفرانس لەلایەن (دکتۆر سەبیح) سەرۆکى بەشى ئەندازیارى تەلارسازى لە زانکۆى جیهان-هەولێر خوێندرایەوە و، پاشانیش لەلایەن ئەندامانى کۆنفراس پەسند کران، ئینجا بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە هەرێمى کوردستان و لە عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرزکرانەوە، بۆ کارکردن لەسەر خاڵ و بڕگەکانى ئەنجامەکانى کۆنفراس، کە بریتیبوون لە:
- کارکردن بۆ پتەوکردنی هاریکاری لە سەرجەم بوارە زانستی و ئەکادیمییەکانی نێوان زانکۆی جیهان-هەولێر و زانكۆی پۆلیتەکنیکى فوراتى أوسط.
- کۆنفرانسى داهاتووی ئەندازیاری تەلارسازی و ئەندازیاری شارستانی ببێتە سەکۆیەک بۆ ئاسانکاری ئاڵوگۆڕی زانیاری لە نێوان ئەندازیارانى تەلارساز و ئەندازیارانی شارستانی بۆ پشتگیریکردن لە پێشکەوتنی هەردوو ئەندازیاری شارستانی و تەلارساز.
- کۆنفرانس داوا لە سەرجەم بەشداربووان دەکات نوێکاری و زانیارییەکانی ئەم دواییە لەسەر زانستە تەلارسازی و ئەندازیارییە شارستانییەکان بخەنەڕوو.
- دەبێت پێکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی کۆمەڵێک دەرئەنجامی توێژینەوە و گفتوگۆ سەبارەت بە تەلارسازی و ژینگەی بیناسازی دروست بکەین.
- ئێمە وەک توێژەر و ستافی ئەکادیمیە پێشکەوتووەکانی توێژینەوەی پێکهاتەیی، جیۆتەکنیکی، هایدرۆلیکی، و ئەندازیاری ژینگەیی دوپاتى هاوبەشی کار دەکەینەوە.
- هەموومان پابەندین بە هاوبەشکردنی نوێکاری و زانیارییەکانی ئەم دواییە لەسەر پێکهاتەیی ئەندازیاری شارستانی.
- ئەنجامدانی ڕاوێژ، کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەسەر ئامادەبوونی توێژینەوەکانمان و پێشکەشکردنی ئەزموونی زانستی پەیوەست بە ئەندازیاری و زانستەکان.
- بەرەوپێشبردنی ئاستی زانیاری کۆمەڵگەی ئەندازیاری و گشتی لە بابەتەکانی پەیوەست بە زانستە ئەندازیارییەکان.
- هاندانی ئەو توێژینەوانەى پەیوەندییان بە بواری ئەندازیارى پەرەپێدان هەیە بەهۆی گرنگیان بۆ ئەمڕۆی زانستەکە.
- هاندانی خاوەن خانووەکان و ئەندازیارەکان بۆ بەکارهێنانی کەرەستەی ناوخۆیی لە کەرتی بیناسازی لە عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی.
بەو شێوەیە زانکۆى جیهان-هەولێر بەهاوبەشى زانکۆى پۆلیتەکنیکى فوراتى أوسط (چوارەمین کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى بۆ ئەندازیارى تەلارسازى و شارستانى)یان کۆتای پێ هێنا، واش بڕیارە ئەنجام و دەرئەنجام و پێشنیازەکانى کۆنفرانس بەمەبەستى جێبەجێکردنى بەرز بکرێتەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان.