لە زانکۆى جیهان-هەولێر چوارەمین کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى ئەندازیارى تەلارسازى و شارستانى دەستى بەکارەکانى کرد
بەچاودێرى (دکتۆر ئارام محەمەد قادر) وهزیری خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی و، بەئامادەبوونى ژمارەیەکى بەرچاو لە توێژەرانى بیانى و ناوخۆى و عێراقى، زانکۆى جیهان-هەولێر بەهاوبەشى لەگەڵ زانکۆى پۆلیتەکنیکى فوراتى أوسط (چوارەمین کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى لە بوارى ئەندازیارى تەلارسازى و شارستانى)یان دەستپێکرد.
ئەو کۆنفرانسەدا، کە ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٢١/١٢/٢٠٢٢)، بەئامادەبوونى نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان و، ژمارەیەکى بەرچاو لە ئەکادیمیستان و توێژەران و شارەزایان و مامۆستایانى زانکۆ بەساتێک ڕێزلێنان بۆ گیانى پاکى شەهیدان دەستى پێکرد، لە مەراسیمى کردنەوەیدا چەند وتەیەک پێشکەشکرا.
پرۆفیسۆر دکتۆر (ئەمجەد سابر دەلۆ) سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتارێکى بەو بۆنەیەوە پێشکەشکرد، لە وتارەکەیدا دواى بەخێرهێنانى نوێنەرى جەنابى وەزیرى خوندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە هەرێمى کوردستان و، پڕۆفیسۆر دکتۆر مظفر صادق ئەلزوهیرى سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى فۆراتى أوسط و، سەرۆکى زانکۆکان، توێژەران، مامۆستایان، فێرخوازان، میوانان و ئامادەبووانى، ڕایگەیاند: زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ زانکۆکانى ناوخۆ و عێراق و ناوچەکە و زانکۆ پێشکەوتوەکانى جیهان خاوەن تۆڕێکى فراوانى پەیوەندى زانستیە، هەربۆیە ساڵانە لەسەر ئاستى پسپۆڕییە جیاکان کۆنفرانسى نێودەوڵەتى و هاوبەشى ئەنجام دەدەین، بۆ ئەو مەبەستەش ڕونیکردەوە، کە ئەو کۆنفرانسەش، بەهاوبەشی لە نێوان زانکۆى جیهان-هەولێر و زانکۆى پۆلیتەکنیکى فوراتى أوسط لە بوارى ئەندازیارى تەلارسازى و شارستانى ڕێکخراوە، بەرهەمى ڕێککەوتنامەیەکى نێوانمانە، کە لە ڕێکەوتى (10/3/2022) لەگەڵ براى بەڕێزمان (پڕۆفیسۆر دکتۆر مظفر صادق ئەلزوهیرى) سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى فۆراتى أوسط ئیمزامان کرد، ئەو ڕێککەوتنامەیە لە چەند ماددەیەک پێکهاتووە و، تیایدا جەختمان لە پەرەپێدانى زیاتر بەپەیوەندییە زانستیەکان و، ئاڵوگۆڕى ستافى زانستى و بەشداریکردن لە وۆرکشۆپ و سمینار و ئەنجامدانى کۆنفرانس و توێژینەوەى هاوبەش لە نێوان ستافى زانستى هەردوو زانکۆکە کردۆتەوە.
لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەچەند خاڵێک باسى لایەنە گرنگەکانى کۆنفرانسەکەى کرد و ڕایگەیاند: ئەم کۆنفرانسە، کە لەم هەلومەرجەدا دەبەسترێت لەم خاڵانەى خوارەوە گرنگى زۆرى هەیە:-
یەکەم/ ئەم کۆنفرانسە دوا پەرەسەندنەکانی بواری ئەندازیاریی شارستانی و تەلارسازی تاوتوێ دەکات بەتایبەت لە بوارى ژینگە و بەڕێوەبردن و سەرچاوەکانى ئاو و ڕێگەوبان و پێکهاتە و کەرەستەى بیناسازى.
دووەم/ گرنگیەکى دیکەى ئەم کۆنفرانسە لەوەدایە، کە عێراق و هەرێمى کوردستان لە دواى جەنگ پێویستى بەبونیادنانەوەى ژێرخانێکى پتەو هەیە، بۆیە ئەم کۆنفرانسەش هاوتەریبە لەگەڵ دەستپێکردنى پڕۆسەى گەشەسەندن و بوژانەوەى لایەنى تەلارسازى و شارستانى لەسەر ئاستی هەرێمى کوردستان و عێراق.
سێیەم/ ئەو بابەتانەى کە لەم کۆنفرانسە دەخرێنەڕوو و ڕێگەچارەیان بۆ دانراوە، نەک هەر بۆ ئەمڕۆى عێراق و کوردستان، بەڵکو بۆ بەشێکى زۆر لە وڵاتانی دیکەش بۆتە کێشەیەکى گەورە بەتایبەت لە بوارى ژینگە و، ئاودێرى و ڕێگەوبانەکان.
چوارەم/ لە ڕووى زانستیشەوە، گرنگی تری ئەم بۆنە زانستییە، لەم هاوبەشییەی نێوان دوو زانکۆدا خۆى دەبینێتەوە، کە هەر یەکەیان خاوەن تایبەتمەندی و ستافی زانستى خۆیەتى، لەگەڵ ئەوەشدا بۆتە وێستگەیەکى گرنگ بۆ کۆکردنەوەى زانایان لە وڵاتانى جیهان، کە پێکەوە دوایین ئەو شێوازە ئەندازیاریانە گفتوگۆی لەبارەوە دەکەن، کە بوارى ئەندازیارى لە جیهان پێی گەیشتووە.
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ بەشێکى دیکەى وتارەکەى تەرخانکرد بۆ خستنەڕوى لایەنە جیاکانى کۆنفرانسەکە، بۆ ئەو مەبەستەش وتى: بۆ ئەم کۆنفرانسە (37) توێژینەوە لەلایەن توێژەران و پسپۆڕانى بوارەکە لە (10) پسپۆڕى وردى ئەندازیارى پێشکەش بە لیژنەی زانستی کۆنفرانس کرا، لە ئەنجامدا لەلایەن لێژنەى هەڵسەنگاندنى زانستى (8) توێژینەوەیان ڕەتکرایەوە و (29)یان پەسند کران، لەو ژمارەیەش (8) توێژینەوەیان لە دەرەوەی عێراق بوون و، لە زانکۆکانی (ئەڵمانیا، ڕوسیا، تورکیا، مالیزیا، سان مارینۆ) پێشکەشکراون، لەهەمان کاتدا (21) توێژینەوەش لەناوخۆی کوردستان و عێراق پێشکەشکراون و پەسندکران، هەر بۆ ئەم کۆنفرانسە زانستیە (5) قسەکەری سەرەکى ((Keynote Speaker بۆ کۆنفرانس پەسند کراون، کە (3)یان لە (بەرازیل، توکیا و ئیمارات)ن و، دوو کەسی دیکەیان لەناوخۆى هەرێمى کوردستان و عێراق بۆ کۆنفرانس پەسەندکران.
لە کۆتاى وتارەکەشیدا، سەرۆکى زانکۆی جیهان-هەولێر تەئیکدى لە کارنامەى زانکۆى جیهان-هەولێر کردەوە، کە هەموو هەوڵ و توانایەکى خۆیان بۆ خزمەتکردن بە بوارە جیاکانى کۆمەڵگە دەخەنە کار.
لە بەشێکى دیکەى کۆنفرانسەکەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر مظفر صادق ئەلزوهیرى سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى فۆراتى أوسط پەیامێکى پێشکەشى کرد، تیایدا بەگرنگیەوە باسى لە گرنگ و چۆنیەتى بەستنى ئەو کۆنفرانسە هاوبەشە کرد لە پێناو بایەخدانى زیاتر بەلایەنى ئەندازیارى و بەشداریکردنى کارا لە بونیادنانەوەى ژێرخانى وڵات.
پاشان دکتۆر ئامانج سەعید ڕاوێژکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بەنوێنەرانى دکتۆر ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتارێکى خوێندەوە، لە سەرەتاى وتارەکەیدا وتى: سوپاس و دەستخۆشى لە ڕێکخەرانى ئەم کۆنفرانسە دەکەم، کە توانیان ئێمە لێرە کۆبکەنەوە بۆ ئەوەى بتوانین باس لە کۆمەڵێک پرسى تایبەت بەبوارى ئەندازیارى تەلارسازى و شارستانى و ژینگە و سەرچاوەکانى ئاو بکەین، بۆ ئەوەش دەستخۆش لە زانکۆى جیهان-هەولێر و زانکۆى پۆلیتەکنیکى فورات ئەوست دەکەم، هەروەها دەستخۆشیتان لێ دەکەم، کە بۆ ئەم کۆنفرانسە توێژەرانى ناوخۆیی و عێراقى و نێودەوڵەتى بەتوێژینەوە زانستیەکانیان بەشدارن.
سەبارەت بەگرنگى کۆنفرانسەکەش نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: “بابەتەکانى کۆنفرانسەکە پرسى هەنوکەیی و گرنگن، پەیوەندیدارن بەئێستا و ئایندەى عێراق و هەرێمى کوردستان بەتایبەتى توێژینەوەکانى بوارى ئەندازیارى تەلارسازى و شارستانى و ژینگە و سەرچاوەکانى ئاو و ژێرخانى ڕیگەوبانەکانى وڵاتەکەمان، ئێمە وەکو کۆمەڵگەى ئەکادیمى کوردستان و وەکو وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان خۆمان بەبەرپرسیار دەزانین لە ڕوبەڕووبونەوەى ئەو ئاڵنگاریانەى کە لە سەدەى بیست و یەکەمدا ڕووبەڕووى مرۆڤایەتى و کۆمەڵگەکەمان دەبێتەوە، وەزارەتى خوێندنى باڵا گرنگى تەواو بەتوێژینەوەى زانستى و پەرەپێدان دەدات”، لەو چوارچێوەیەدا مژدەیەکى بەتوێژەران ڕاگەیاند و وتى: “لێرەوە دەمەوێ بەخۆشحاڵیەوە ڕایبگەێنم کە لەسەرەتاى ساڵى ئایندە ئەنجومەنى توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان بەسەرۆکایەتى جەنابى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى گرانتى توێژینەوەکان بۆ ساڵى (٢٠٢٣) ڕادەگەێنین، ئەم گرانتە تایبەت دەبێت بەو توێژینەوانەى دەچێتە خزمەت چارەسەرکردنى ئەو ئاڵنگاریانەى ڕوبەڕووى سێکتەرە جیاکان لە کەرتى حکومەت و تایبەت بۆتەوە، بۆ ئەوەى توێژەرانى وڵاتەکەمان لە کۆمەڵگە نزیک بکەینەوە، ئێمە هیواخوازین مامۆستایان و توێژەران و پسپۆڕان زیاتر بێنە ناو کۆمەڵگە و ئەکادیمیا بکەینە ئامرازى چارەسەرکردنى کێشە و گرفتەکانى کۆمەڵگە و کەرتە جیا جیاکانى وڵاتەکەمان، هەروەها گرنگە توێژینەوەکانمان پەیوەندیان بەو پرسانە هەبێ، کە ئێستا لە کوردستان و جیهان گرنگى خۆیان هەیە”.
دکتۆر ئامانج سەعید بەشێکى دیکەى وتارەکەى تەرخانکرد بۆ پەیوەندى نێوان ژینگە و بوارى تەلارسازى و ناسنامەى نیشتیمانى، لەو چوارچێوەیەشدا وتى: “ئەم کۆنفرانسەى ئێوە دەتوانیت سەرەتایەکى باش بێت بۆ کارى پێکەوەیی لە بوارى ئەندازیارى شارستانى و تەلارسازى و ژینگە، چونکە ئەندازیارى ڕۆڵێکى گرنگ لە بوارى ژینگە دەگێڕێ بەتایبەت لە بوارى پاراستنى ژینگە و پەرەپێدانى ژینگە و، ڕەچاوکردنى باڵەخانە و بودنیادى ژێرخان بەو ئامرازانەى کەمتر پێویستیان بەوزە هەیە، بۆیە ئێمە چاومان لە توێژەرانى ناوخۆیی و عێراقیە کە بەهەماهەنگى توێژەرانى نێودەوڵەتى هەماهەنگى و ڕێنوێنیمان بکەن و، وەک بەشێک لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى ئەو پابەندیەمان پێ بڵێن، کە چون دەتوانین دۆستى ژینگە بین و ژینگە بپارێزین و ئاگامان لەو گۆڕانکاریانە بێ، کە دەچنە خزمەتى ژینگەى وڵاتەکەمان”، سەبارەت بەلایەنى دیزانینیش ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: “گرنگە لە دیزایندا ڕەچاوى ناسنامەى کەلتورى و نیشتیمانى و نەتەوەکەمان بکەن، پشت بەمەتریاڵى لۆکاڵى ببەستن بۆ بیناسازى و دروستکردنى ژێرخان، بۆ ئەوەش بەڕاستى پێویستمان بەئێوە”، لە کۆتایشدا وتى: “وەک وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کە دەرئەنجام و پێشنیازەکانى ئەم کۆنفرانسە ئەو ڕێنوێنیانەمان بۆ دەستنیشان بکەن، هەروەها بوونى پلانى ستراتیژى بۆ بەڕێوەبردنى سەرچاوەکانى ئاو لە کوردستان، کە یەکێکە لە پرسەکانى کۆنفرانسەکەتا جێگەى دەستخۆشیە، چونکە هەموومان پێشبینى ئەوە دەکەین، کە لە ماوەى (١٠) ساڵى داهاتودا پرسى ئاو و پرسى سەرچاوەکانى ئاو دەبێتە یەکێک لە پرسە زۆر هەستیارەکان لە ڕووى سیاسى و ژینگە و بەردەوامى شارەکانمان، دوبارە هیواى سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم”.
هەر لە مەراسیمى کردنەوەى کۆنفرانسدا، دوو کورتە ڤیدیۆ لەبارەى زانکۆى جیهان-هەولێر و زانکۆى پۆلیتەکنیکى فورات ئەوست نمایش کرا، پاشان بەرنامەى کارى کۆنفرانس دەستپێکرد “، بۆ ئەوەش چەند توێژینەوەیەک پێشکەشکران. لەو کۆنفرانسەدا کە ماوەى دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێ، (٢٨) توێژینەوە لە ڕێگەى چەند تەوەرێکى جیا پێشکەش دەکرێن، سەربارى ئەوەش پێنچ قسەکەری سەرەکى وەک ((Keynote Speaker کۆنفرانسەکە بەڕێوەدەبەن.
لە ڕێگەى بەستنى ئەم کۆنفرانسانە جارێکى دیگە زانکۆی جیهان-هەولێر دوپاتى ئەو ڕاستیەى کردەوە، کە یەکێکە لە زانکۆ پێشەنگەکانى هەرێمى کوردستان و، دەتوانێ ڕۆڵی گرنگ لە پێشخستن و بوژانەوەى ژێرخانى عێراق و هەرێمى کوردستان بگێڕى، بەتایبەت لە پڕکردنەوەی پێداویستییەکانى کۆمەڵگە و پتەوکردنى پایەکانى بونیاتنان و ئاوەدانکردنەوە لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان و عێراق و هەڵکردن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانى سەردەم لە بوارى ئەندازیارى شارستانى و تەلارسازى و ژینگە و سەرچاوەکانى ئاو و ڕێگەوبانە.