زانـكـۆی جـیهــان – هـەولێـر، گەورەترین سکۆلەرشیپى بۆ تەواوکردنى خـوێندنى باڵا ڕاگەیاند
بۆ پاڵپشتیکردن و هاندانى توانا ناوخوییەکان، زانکۆى جیهان-هەولێر وەک يـەكـەمین زانکــۆی تایبـەت لە هەرێمى کوردستان، گەورەترین سکۆلەرشیپى بۆ دەرچوان بۆ تەواوکردنى خوێندنى باڵا ڕادەگەێنێ.
دواى ئەوەى لە چەند ڕۆژى ڕابرودا، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەرگاى پێشکەشکردنى بەڕووى خوازیارانى خوێندنى باڵا بۆ بەدەستهێنانى بڕوانامەى ماستەر و دکتۆر کردەوە، زانکۆى جیهان-هەولێریش لە دەستپێشخەریەکى گرنگدا بۆ تەواوکردنى خـوێندنى باڵا گەورەترین سکۆلەرشیپ بـۆ دەرچـووەکـانـی بەمەبەستی تەواوکردنى خوێنـدنی ماسـتەر و دکتـۆرا لـە زانـکۆکانی ھەرێمی کـوردسـتان ڕادەگەێنێ.
لەو چوارچێوەیەدا، زانکۆى جیهان-هەولێر تەواوى دەرچوانى ئاگادار دەکات، هەر دەرچویەک ئارەزوى تەواوکردنى خوێندنى باڵا-ى لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان هەیە، دەتوانن داواکانیان پێشکەش بەزانکۆکان بکەن، بەشێوەیەک لە کاتى وەرگرتنیان زانکۆى جیهان-هەولێر تەواوى تێچوى خوێندنەکەیان بۆ (ماستەر، دکتۆرا) لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان دەگرێتە ئەستۆ.
زانکۆى جیهان-هەولێر جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە، دەرچوان دواى تەواوکردنى خوێندنى (ماستەر، دکتۆرا) لە زانکۆ حکومییەکانی ھەرێمی کوردستان، لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەپێى پسپۆڕییەکانیان دەرفەتى کارکردنیان بۆ دەڕخسێندرێ و، دەبنە ستافى زانکۆى جیهان.
ئەم دەرفەتەى زانکۆى جیهان-هەولێر دەچێتە چوارچێوەى ھەوڵە بەردەوامەکانی زانکۆ بۆ خزمەتکردن بەچین و توێژە جیاکانى کۆمەڵگەی کوردی، بەتایبەت پاڵپشتیکردنى توێژى گەنجان بۆ پەرەپێدان بەتوانا و لێهاتویەکانیان و، ڕەخساندنى دەرفەتى کار لە کەرتی تایبەت.
ساڵانە زانکۆى جیهان-هەولێر چەندین سکۆلەرشیپى لەسەر ئاستى خوێندنى بەکالۆریۆس بۆ دەرچوانى دەڕخسێنێ، لە چەند ڕۆژى ڕابردوشدا بۆ دەرچوانى پۆلى دوانزەى ئامادەیی زانکۆى جیهان-هەولێر داشکاندن و بەخشینى بە ڕێژەى (20 تا 100%) لە کرێى خوێندن لە چوارچێوەى سکۆلەرشیپێکدا بۆ (445) ڕاگەیاند.