زانکۆى جیهان-هەولێر قەڵغانى ڕێز و سوپاس پێشکەش بە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى عێراق دەکات
لە بەرانبەر هەوڵەکانى بۆ خزمەتکردن بە بوارى زانست و خوێندنى باڵا؛ زانکۆى جیهان-هەولێر قەڵغانى ڕێز و سوپاس پێشکەش بە دکتۆر نەعیم العبودی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراقى کرد.
پێشکەشکردنى ئەم قەڵغانى ڕێز و سوپاسە لە میانەى بەسەرکردنەوەى بەشدارى زانکۆى جیهان-هەولێر لە پیشانگە و کۆنفرانسی پەروەردەی نێودەوڵەتی عێراق بەڕێوەچوو، بۆ ئەو مەبەستە نوێنەرى زانکۆى جیهان-هەولێر دواى ئەوەى کورتەیەکى لەبارەى دامەزراوەى جیهان و زانکۆى جیهان-هەولێر پێشکەش بە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد، ئینجا بەناوى پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سوپاس و پێزانینى سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێرى پێشکە بە دکتۆر نەعیم العبودی کرد،لە بەرانبەردا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ددەستخۆش و ستایشى کارەکانى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد.
لەو پیشانگە و کۆنفرانسەدا، کە ڕۆژى شەممە ڕێکەوتى (١٦/٩/٢٠٢٣) لە پیشانگەى نێودەوڵەتى بەغداد کرایەوە، تا ڕێکەوتى (١٩/٩/٢٠٢٣) بەردەوام دەبێت، کە تیایدا چەندین زانکۆ و دامەزراوەى زانستى و پەروەردەیی لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى و ناوخۆیی بەشداریان تێدا کردوە، زانکۆى جیهان-هەولێریش وەک زانکۆیەکى پێشەنگ و تایبەت بەشداریەکى کاراى هەیە و، ڕۆژانە بەدەیان فێرخواز و مامۆستا و توێژەر و لێپرسراوان و هاوڵاتیان سەردانى بەشى (BE4)ى تایبەت بە زانکۆى جیهان-هەولێر دەکەن و، گفتوگۆ لەبارەى پرۆگرام و کار و چالاکیەکان و پتەوکردنى پەیوەندییە زانستیەکانیان لەگەڵ زانکۆى جیهان-هەولێر دەکەن.