زانکۆى جیهان-هەولێر پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای كوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشكییەكان فراوان دەکات
بۆ بەهێزکردنى ئاستى پەیوەندییە زانستیەکانى نێوانیان، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانى ئەنجومەنی باڵای كوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشكییەكان کرد و، لەگەڵ سەرۆکى ئەنجومەنەکە بەگرنگیەوە باسیان لە هەماهەنگى نێوانیان کرد.
ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (١٠/١٠/٢٠٢٣) پڕۆفیسۆر دکتۆر ئاریانا شێخ خالص بەرزنجی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای كوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشكییەكان پێشوازیكرد لە پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولیر. لەسەرەتا سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر سوپاسى ئەو پێشوازیە گەرمەى کرد و، پاشان کورتەیەکى لە بارەى زانکۆى جیهان-هەولێر و ئەو دەسکەوتە زانستیانەى لە ماوەى ڕابردو بەدەستیهێناوە باسکرد، هەروەک تیشکى خستە سەر بەشە زانستیەکان ، پاشان بە گرنیگەوە باسى لە هەماهەنگى نێوانیان کرد و بۆ ئەوەش پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ ڕایگەیاند: وەک زانکۆى جیهان-هەولێر دەتوانین لە ڕووى ئاڵوگۆڕى ستافى زانستى و مامۆستایان و کۆنفرانسى هاوبەش و تاقیگەکانى زانکۆ هاوکار و هەماهەنگ بن، هیواشى خواست ئەنجومەنی باڵای كوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشكییەكان لە بوارى پەرەپێدانى بەشە پزیشکیەکان هاوکار و هەماهەنگى زانکۆى جیهان-هەولێر بن.
لە بەرانبەردا، لە دیدارێكدا پڕۆفیسۆر دکتۆر ئاریانا شێخ خالص بەرزنجی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای كوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشكییەكان خۆشحاڵى خۆى بەو سەردانە پیشاندا و تەئیکدى لە پێویستى هەماهەنگی نێوان هەردوولا لەرووی زانستی و ئەكادیمییەوە بەشێوەیەکى گشتى و، لەرووی پسپۆڕییە پزیشكییەكان بەتایبەت کردەوە، بۆ ئەو مەبەستەش هەردولا بیروڕاى جیاوازیان بۆ بەهێزکردنى ئەو پەیوەندیانە خستەڕوو، بەئامانجى خزمەتکردنى زیاتر بەڕەوتى زانست لە ناوەندە جیاکانى خوێندن.