زانکۆی جیهان – هەولێر بەشداری یەکەم پیشانگەی پزیشکی لە شاری کەربەلا دەکات
زانکۆی جیهان-هەولێر بەشداری لە یەکەمین پیشانگەی زانستی بۆ بابەتی پزیشکی و پێداویستیە پزیشکیەکان لە شارى کەربەلا کرد، کە لەلایەن زانکۆی (الزهراء للبنات) لە ڕۆژانى (٥-١١/١٠/٢٠٢٢) بەڕێوەچوو.
لەو پیشانگەیەدا، کە بەسەرپەرشتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتى عێراقى و بەسەرپەرشتی ئەمینداری گشتی مەزارگەی پیرۆزی ئیمام حسێن و، بەدروشمی “كربلاء بوصلة العراق الطبية” بەرێوەچوو، زیاتر لە 24 “زانکۆ” سەنتەری توێژینەوەی حکومی و تایبەت، پزیشکی و تایبەتمەند، کۆمپانیاکانی ئامێری پزیشکی، کۆمپانیاکانی دابینکردن ئامێری پزیشکی ، کۆمپانیاکانی ئەندازیارى پەروەردەی پزیشکی، دەزگاکانی بڵاوکردنەوە تایبەتمەند بە کتێبی پزیشکی کە لەناو کۆنتێنەرە نێودەوڵەتییەکاندا ئیندێکس کراون، وانەبێژ و توێژەر، زانایانی دیار، و پسپۆڕانی کۆمپانیا پزیشکییەکان بەشداریان تێدا کرد.
دکتۆر عەلا زیا ئەلدین جێگری سکرتێری گشتی مەزارگەی پیرۆزی حوسەینییە لە وتارێکدا کە لە مەراسیمی کردنەوەی پیشانگەکەدا پێشکەشی کرد، وتی: “دەبێت سەرەتای دروستکردنمان لەبیر بێت کە چۆن مرۆڤ لەسەر ئەم زەویە دۆزرایەوە، بەڵام پەرەسەندنی بیرکردنەوە و عەقڵی مرۆڤ و شێوازی بیرکردنەوە و بارودۆخی دەوروبەری وایکرد ئەم مرۆڤە ببێتە داهێنەر و گەشە بکات تا گەیشتینە ئەم تەکنیکە زانستییە پێشکەوتووانەى کە ئەمڕۆ لەم پیشانگەیە نمایش دەکرێ”.
لە زانکۆی جیهان – هەولێر، شاندێک بەسەرپەرشتی پرۆفیسۆر دکتۆر عادل حسێن دەلۆیی، سەرۆکى بەشی ئەندازياری پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك و، ژمارەیەک لە ستافی زانکۆ بەشدارییان تێدا کرد، چەندین بەرهەمى زانستى و پێداویستیەکانى تاقیگەکانى زانکۆیان نمایش کرد، ئەوەش بووە جێى سەرەنج و تێڕامانانى سەردانیکەرانى پیشانگەیەکە، هەر بۆیە لەماوەى دوو ڕۆژى بەشداریکردنى نوێنەرانى زانکۆى جیهان-هەولێر لەو پیشانگەیەدا ژمارەیەکی زۆر لە سەردانیکەرانى پیشانگەکە بەشى زانکۆى جیهان-هەولێریان بەسەرکردەوە و سەرسامی خۆیان بۆ ئەو پڕۆژانە دەربڕی کە پێشکەش کراون. جگە لەوەش لەلایەن کەناڵ و دامەزراوەکانى ڕاگەیاندن بایەخێکى زۆر بەبەشدارى زانکۆى جیهان-هەولێر لە پیشانگەیەکەدا درا و، نوێنەرانى زانکۆ چەندین دیدار و لێداوانى ڕۆژنامەوانیان بۆ کەناڵەکانى ڕاگەیاندن دا.
پێشتر وەفدێکی مەزارگەی پیرۆزی حوسەینییە سەردانی زانکۆی جیهان- هەولێریان کردبوو، لە میانەى دیدارێکیان لەگەڵ پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆیی سەرۆکی زانکۆی جیهان- هەولێر ڕایگەیاند، “لەلایەن شاندی مەزارگەی پیرۆزی حوسەینیەوە ڕێزمان لێگیرا، کە ئێمەیان بانگهێشت کرد بۆ بەشداریکردن لە پیشانگەی پزیشکی نێودەوڵەتی کە لە کەربەلا بەڕێوەچوو، سەرۆكی زانكۆی جیهان- هەولێر ئاماژەی به وەشكرد، “له زانكۆی جیهان حەوت بەشی پزیشكی هەیه ، جگه له بەشەكانی پزیشكی ددان و دەرمانسازی، كه ئەمساڵ کراوەتەوە، بۆیە بۆ بەدەستهێنانی شارەزایی زانستی تۆکمە و کاری هاوبەش و ئاڵوگۆڕی شارەزایی زانستی بەشدارى لە پیشانگەیەکەدا دەکەین.”