بۆ داڕشتنى دیدگاى حکومەت، وەزارەتى پلاندان بۆچوونى زانکۆى جیهان-هەولێر وەردەگرێ
حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ڕێگەى وەزارەتى پلاندانانەوە سەرقاڵى ئامادەکردنى (دیدگەی هەرێمی کوردستان بەناوى دیدگەى KRI Vision 20/30) بۆ ئەوە مەبەستەش سود لە زانکۆى جیهان-هەولێر وەک زانکۆیەکى پێشەنگ وەردەگرێ بۆ داڕشتنى ئەو دیدگایە.
لەو چوارچێوەیەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە وەزارەتى پلاندان لەگەڵ (ئەیوب سەباح گەردی) بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانانی ستراتیجی و سەرۆکى لێژنەى باڵای دیدگای ههرێمی كوردستان کۆبوەوە.
لەو کۆبونەوەیەکدا، ئەیوب سەح گەردى دواى بەخێرهێنانى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر کورتەیەکى لەبارەى چالاکى لێژنەکەیان باسکرد و ڕاگەیاند: چەندە ساڵێکە وەزارەتی پلاندانان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لە ڕێگەی لیژنەکانی (جێبەجیکار و باڵا) سەرقاڵی ئامادەکردنی دیدگای٢٠٣٠ـی هەرێمی کوردستانە. هەر بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ چەند ڕێکخراوێکى نێودەوڵەتى وۆرکشۆپ و کۆنفرانس و کۆبونەوەى هاوبەشمان ئەنجامداوە، وتیشى ئەم دیدگایە گشتگیر دەبێت و پلان و ئامانجەکانی حکومەت بۆ (10) ساڵی داهاتوو لە سێکتەرە جیاوازەکان لە خۆ دەگرێت و نەخشەڕێگەی گەیشتن بە ئامانجە ستراتیژییەکان ڕوون دەکاتەوه، چونکە هەبوونی دیدگایەکی ڕوونی لەم شێوەیە یارمەتیدەر دەبێت بۆ سەرنجڕاکێشانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و وەبەرهێنەرانی بیانی بە ئاڕاستەی کارکردنی زیاتر لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەر بۆ ئەو مەبەستە داواى لە زانکۆى جیهان-هەولێر کرد هەماهەنگ و هاوکاریان بێت لە داڕشتنى ئەو دیدگایە.
لە بەرامبەردا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان سوپاس و دەستخۆشى لە سەرۆکى لێژنەکە کرد و، ڕاگەیاند: بنەماى پێشکەوتنى هەر وڵاتێک پەیوەستە بەبونى دیدگایەکى ڕوون بۆ سێکتەرە جیاوازەکان، زانکۆش وەک ناوەندێکى زانستى گرنگ هەمیشە ڕۆڵى گرنگى هەیە لە بینینى ئایندە، بۆیە زانکۆى جیهان-هەولێر وەک چۆن لە ڕابردودا هەوڵى تەواومان داوە بۆ پێشخستنى کەرتە جیاوازەکانى حکومەت و تایبەت، لەم قۆناغەشدا بەئەرکى سەرشانى خۆمانى دەزانین هاوکار و هەماهەنگى لێژنەکەتان بین و تا هەموان پێکەوە بتوانین بەپلان و دیدگایەکى ڕوون ئایندەى کۆمەڵگەکەمان بونیاد بنێن، جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە کە زانکۆى جیهان-هەولێر پاڵپشت و پشتیوانى تەواوى کار و هەنگاوەکانى لێژنەکە دەبێت.