سەرۆکى زانکۆى جیهان – هەولێر لەگەڵ جێگرى سەرۆکى یەکێتى وەرزشى زانکۆکانى عێراق کۆبوەوە
بۆ بەهێزکردن و کاراکردنى چالاکیە وەرزشیەکان، پڕۆفیسۆر دکتۆر حسین سەعدى جێگرى سەرۆکى یەکێتى وەرزشى زانکۆکانى عێراق سەردانى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد و، لەگەڵ پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر کۆبوەوە.
لەو کۆبونەوەیەدا، کە ڕۆژى یەک شەممە ڕێکەوتى (١٢/٦/٢٠٢٢) بەئامادەبونى دکتۆر ژیان عثمان جمال سەرۆکى بەشى پەروەردەى جەستەیى و زانستە وەرزشیەکان لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو، جێگرى سەرۆکى یەکێتى وەرزشى زانکۆکانى عێراق عێراق ئامانجى سەردانەکەى بۆ زانکۆى جیهان-هەولێر ئاشکرا کرد و، وتى: ئەخوازین چالاکیە وەرزشیەکان لە زانکۆکانى عێراق و هەرێمى کوردستان کارا بکەن، زانکۆى جیهان-هەولێر وەک زانکۆیەکى پێشەنگ و تایبەت لە هەرێمى کوردستان، کە ئەندامى دەستەى گشتى یەکێتى وەرزشى زانکۆکانى عێراقە ئەخوازین هاوکار و هەماهەنگمان بێ.
لە بەرامبەردا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دواى بەخێرهێنانى پیرۆزبایى لە پڕۆفیسۆر دکتۆر حسین سەعدى کرد، کە لەدواین هەڵبژاردندا وەک جێگرى سەرۆکى یەکێتى وەرزشى زانکۆکانى عێراق دەستنیشان کرا، بۆ چالاکیە وەرزشیەکانیش، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕایگەیاند: زانکۆکەمان وەک زانکۆیەکى پێشەنگ و تایبەت بەشێکى تایبەتى هەیە بەناوى (بەشى پەروەردەى جەستەیى و زانستە وەرزشیەکان)، کە ساڵانە فێرخوازەکانى بەشدارى چەندین چالاکى وەرزشى لەسەر ئاستى ناوخۆ و عێراق و وڵاتان دەکەن، جگە لەوەش زانکۆى جیهان یانەیەکى وەرزشى تایبەتى هەیە، کە ئەمساڵ توانى سەرکەوێ بۆ بوخولی پلە یەکەکانی کوردستان، هاوکات لە بوارى وەرزشى زانکۆى جیهان-هەولێر خاوەن یاریگەى کراوە و یاریگەیەکى داخراویشە.
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە، کە زانکۆکەیان بەو ئەزمونە دەوڵەمەندەى لە بوارى وەرزشیدا هەیەتى پاڵپشت و هاندەرى یەکێتى وەرزشى زانکۆکانى عێراق و چالاکیە وەرزشیەکان دەبێ، لە کۆتایشدا هیواى سەرکەوتنى بۆ جێگرى سەرۆکى یەکێتى وەرزشى زانکۆکانى عێراق خواست لە ئەرکە نوێیەکەیدا.