مامۆستایەکی زانکۆی جیهان-هەولێر لە چوارچێوەی پرۆگرامی ئیراسمۆس پڵەس گەیشتە پۆڵندا
لە بەردەوامى کارە هاوبەشەکانى و بۆ ئاڵوگۆڕ و ڕاهێنانی زانستی زانکۆی جیهان-هەولێر لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتیەکاندا، لەماوەى ڕابردودا زانکۆى جیهان-هەولێر توانى لە پرۆگرامی ئیراسمۆس پڵەسی (ERASMUS PLUS) یەکێتی ئەوروپا، دەرفەتى کۆرسێکى خوێندن بۆ چوار فێرخواز و ڕاهینانێکى زانستى بۆ مامۆستایەکى لە وڵاتى پۆڵندا بەدەست بهێنێت.
لەو چوارچێوەیەدا، لە چەند ڕۆژى ڕابردودا پروفیسوری یاریدەدەر دکتۆرە (ئامینە سەباح مەحمود جومعە) سەرۆکى مایکرۆبـایـۆلۆجی پزیشکی لەبەر ڕۆشنایی هەمان بەرنامەدا گەیشتە پۆڵندا و، ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (١٣/٦/٢٠٢٢) لە زانکۆی وارسو بۆ زانستی ژیان لەگەڵ ئیوێلینا بێلکیڤیچ، جێگری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان کۆبونەوەیەکى ئەنجامدا، لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەى بەرنامەى کار و ماوەى مانەوەى لەو وڵاتە کرا، بەتایبەت چۆنیەتى پێشکەشکردنى چەند وانەیەک بە فێرخوازانى بەکالۆریۆس و فێرخوازانى خوێندنى باڵا (ماستەر و دکتۆرا)، کە لە چوارچێوەى پروگرامى ئیراسمۆس پڵەسی (ERASMUS PLUS) لەو زانکۆیە دەخوێنن. لە تەوەرێکى دیکەى گفتوگۆکاندا باسیان لەسەر دۆخى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد، کە کۆرسێکى خوێندنیان لەو زانکۆیەدا بەڕیکردوە، هەروەک بەگرنگیەوە باس لە چۆنیەتى فراوانکردن و بەهێزکردنى پەیوەندییە زانستیەکانى نێوان هەردوو زانکۆ کرایەوە.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیدا، پروفیسوری یاریدەدەر دکتۆرە (ئامینە سەباح مەحمود جومعە) لەگەڵ هەر چوار فێرخوازەکەى زانکۆى جیهان-هەولێر کۆبونەوەیەکى ئەنجامدا، لە کۆبونەوەکەدا فێرخوازان باسیان لە ئەزمونى خوێندن و ماوەى مانەوەیان لەو زانکۆیەدا کرد، بۆ ئەوەش سوپاسى سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێریان کرد بۆ ڕەخساندنى ئەو دەرفەتە گرنگە و, بەئەزمونێکى ناوەزەى ژیان و خوێندنیان وەسفیان کرد.
پاشان، پروفیسوری یاریدەدەر دکتۆرە (ئامینە سەباح مەحمود جومعە) هاوڕێ لەگەڵ فێرخوازان کتێبخانەى زانکۆ و چەند تاقیگەیەکى زانستى و بەشە زانستیەکانى زانکۆکەى بەسەرکردەوە و، لە نزیکەوە ئاشنایی ژینگەى خوێندن لە زانکۆکە بوو.
واش بڕیارە، پروفیسوری یاریدەدەر دکتۆرە (ئامینە سەباح مەحمود جومعە) سەرۆکى بەشى مایکۆبایلۆجى پزیشکى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ ماوەى هەفتەیەک لە زانکۆی وارسۆ بۆ زانستی ژیان دەمێنێتەوە، لەو ماوەیەدا وانە بە بەفێرخوازانى بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا بڵێتەوە، کە لە چوارچێوەى پرۆگرامى ئیراسمۆس پڵس لەو زانکۆیە دەخوێنن.
زانکۆى جیهان-هەولێر تاکە زانکۆى تایبەت و پێشەنگ لە هەرێمى کوردستان، کە بە تەواوی لە کۆمسیۆنی ئەوروپا تۆمارکراوە و ژمارەی ناسنامەی هەیە و بریتیە لە (PIC) = 907654415، ئەم تۆمارکردنە ڕێگە بە زانکۆى جیهان-هەولێر دەدات بۆ پێشکەشکردن و بەدەستهێنانى ئەو گرانتانە کە وەک لە چوارچێوەى پڕۆژە زانستیەکانى یەکێتی ئەوروپا دەکرێ، لەناویاندا زانکۆکانی وڵاتانی هاوبەش و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لەوانە زانكۆی وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان لە پۆڵەندا، زانکۆی ئۆندۆکوز (Ondokuz Mayis University) و زانکۆى ماردین (University Mardin) لە تورکیا.
بۆ ئەمساڵی خوێندنی (2021-2022) پێشتر زانکۆی جیهان-هەولێر لە ئاگادارینامەکدا گشت فێرخوازانى زانکۆى ئاگادار کردەوە، کە ژمارەیەک کورسی خوێندن بۆ تەواوکردنى کۆرسێکى خوێندن لە زانكۆی وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان ڕاگەیاند، بەتایبەت لە کۆلێژەکانى تەکنیکى پزیشکى، زانست و ئەندازیاری، لە ئەنجامدا چوار فێرخواز کاندید کران، کە فێرخوازان ڕەنج شاکر مەحمود و، مهند قەیس عەبدوڵلا لە بەشى ئەندازیارى تەلارسازى و فێرخوازان بشرى جمال عەبدوڵلا و ئەحمەد لوقمان کەریم لە بەشى (بایۆمیدێکەڵ) بون، هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنى ئەو فێرخوازانەش لەسەر بنەمای چەند پێوەرێک بووە، کە لە لایەن ئێراسموس پڵەس و زانكۆی وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان لە پۆڵەندا دانراوە.