شاندێکى ڕێکخراوێکى نەتەوە یەکگرتوەکان سەردانى زانکۆى جیهان-هەولێر دەکەن
بەمەبەستى ئەنجامدانى چەند چالاکیەکى هاوبەشى مرۆیی و کۆمەڵایەتى و کەلتورى و، پتەوکردنى پەیوەندییەکانى نێوانیان، شاندێکى ڕێکخراوى سویدۆ (SWEDO)ى نەتەوە یەکگرتوەکان سەردانى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد.
ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (١٩/٤/٢٠٢٢) دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود سەرۆکى بەشى کارگێڕى کار لە زانکۆى جیهان-هەولێر پێشوازى لە شاندێکى ڕێکخراوى سویدۆ (SWEDO)ى نەتەوە یەکگرتوەکان بەسەرۆکایەتى خاتوو فادیە مەروان بەیتار لێپرسراوى بەشى پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆمەڵگە و، چیاڤان سلێمانى جێگرى کرد.
لە دیدارێکدا، کە بەئامادەبونى مامۆستاى یاریدەدەر بوشرى عەلى سەرۆکى لێژنەى چالاکى فێرخوازان لە بەشەکە بەڕێوەچو، گفتوگۆ کرا لەبارەى چۆنیەتى پەرەپێدانى بەپەیوەندییەکانى نێوانیان بەشێوەیەکى گشتى و، ڕێکخستنى چەند چالاکیەکى هاوبەش بۆ خزمەتکردن بە چین و توێژە جیاکانى کۆمەڵگە.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، شاندەکەى ڕێکخراوى سویدۆ (SWEDO)ى نەتەوە یەکگرتوەکان چەند بەشێکى زانکۆى جیهان-هەولێریان بەسەرکردەوە بەتایبەت بەشە هونەری و کەلتورییەکانى وەک سێنتەرى ڕۆشنبیری زانکۆی جیهان و ئەکادیمیای زانکۆی جیهان و پیشانگەی هونەری تابلۆکان، لە میانەى بەسەرکردنەوەى ئەو بەشانەشدا گفتوگۆ لەبارەى چەند چالاکیەکى هونەرى و ڕۆشبیرى کرا.