فێرخوازانى بایۆمێدیکال بە چالاکیەکى زانستی؛ هۆشیارى تەندروستى پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەیەک دەکەن
لە بەردەوامى چالاکیە زانستیى و هۆشیارییەکانى فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر، رۆژی دوو شەمە رێکەوتی (٤/١١/٢٠٢٤) لە میانەى سەردانێکیاندا بۆ (قوتابخانەی مصطفی شعبانی بنەرەتی) لە شارى هەولێر چالاکیەکیان بە ناونیشانی (گرنگیەکانی دەست شوشتن و شێوازەکانی خۆپاراستن) پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد.
فێرخوازانى قۆناغی سێیەمی بەشی بایۆمێدیکاڵ دواى ئەوەى لە لایەن مامۆستا (سامان شاکر قادر) بەرێوبەری قوتابخانەکە پێشوازیەکی گەرمیان لێکرا، ئەنجا لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی قوتابخانە لەگەڵ قوتابیان کۆبونەوە و چالاکیەکەیان پێشکەش کرد و، تێدا بەوردى باسیان لە گرنگیەکانی دەست شوشتن و شێوازەکانی خۆپارێزی لە نەخۆشی و زیندەوەرەکان کرد، هەروەها باسیان لە چۆنیەتی بڵاوبوونەوەی زیندەوەرەکان بە تایبەت بەکتریا و ڤایرۆسەکان بە شێوازی پراکتیکی بۆ قوتابیانى قوتابخانەکە شیکردەوە.
هەر لە میانەی چالاکیەکەیاندا فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ مادەی پاکەرەوەیان پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد، لەگەڵ ئەوەشدا تابلۆیەک کە لە لایەن (هوما خدر سعید) فێرخوازى بەشى بایۆمیدیکاڵ وێنە کرابوو و، تایبەت بوو بە شیکردنەوەى گرنگی دەست شوشتن و خۆپارێزی لە نەخۆشە گوازراوەکان؛ پێشکەش بە قوتابخانەکە کرا.
لە بەرانبەردا ماموستا (سامان شاکر قادر) و مامۆستایانی قوتابخانەکە دوای دەست خۆشی و سوپاس کردنی فێرخوازەکانی بەشی بایۆمێدیکاڵ، خۆشحاڵی خۆیانی دەربری بۆ بەڕێوەبردنى چالاکیەکە، هەروەک ئامادەی خۆیان دەربری بۆ بەردەوامیدا بە چالاکی دیکەى هاوبەش، کە بەهۆیەوە ئاستی رۆشنبیری تەندروستی و زانستی قوتابیانى قوتابخانەکە بەرز بکاتەوە .