فێرخوازانى بەشى نيوتريشن و دايەتێتکس نەخۆشخانەکان بەسەردەکەنەوە
ڕۆژى شەممە ڕێکەوتى (٥/٣/٢٠٢٢) بەسەرپەرشتى دکتۆر بەهناز شاروخستانى، فێرخوازانى قۆناخى چوارەمى بەشى نيوتريشن و دايەتێتکس لە میانەى گەشتێکى زانستیدا، لە نەخۆشخانەى سەردەم لە شارى هەولێر بەشێوەیەکى پراکتیکى ئاشناى چۆنیەتى دابینکردنی خواردنی بەڕیگەى بۆرى بۆ نەخۆشەکانى نەخۆشخانە کران.
لەو چوارچێوەیەدا، فێرخوازان بە سەرپەرشتی دکتۆر فەرهاد ئەتروشی پسپۆڕی نەشتەرگەری و بەهەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەر و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە ئامادەى نەشتەرگەرییەکى تایبەت بەو بوارە بوون.
خۆراکی ئینترۆجینی بەبەشێکی گرنگی کرداری نەشتەرگەریی دادەدنرێ بۆ دڵنیابوون لە گەیشتنى خۆراکى پێویست بە نەخۆش لە پێناو کەمکردنەوەی نیشانە لاوەکیەکان و پاراستنی سیستمی هەرسکردن بۆ نەخۆشەکان، ئەم نەشتەرگەرییە بە بەکارهێنانی بۆری تایبەت و خۆراکی تایبەت و بە پشت بە میتۆدی زانستی و بە سەرپەرشتی پزیشک و پسپۆڕی خۆراکی لێهاتوو ئەنجام دەدرێ.
ئامادەبون و پراکتیزکردنى زانستەکان لە ژینگەى کارکردن دەرفەتێکى گرنگى بۆ فێرخوازان ڕەخساند تا ئاشناى وردەکارییەکانى ئەو نەشتەرگەرییە ببن.