فێرخوازانى بەشى پەروەردەى گشتى چالاکیەکى پەروەردەیی لە قوتابخانەیەک بەڕێوەدەبەن
ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ١٧/١١/٢٠٢٤، گروپێک لە فێرخوازانى بەشی پەروەردەی گشتی لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانى قوتابخانەى (الاخوة)ى کوڕانیان لە شارى هەولێر کرد و، بابەتێکى پەروەردەییان بەناونیشانی (چۆن ببیتە کەسێکی باشتر) پێشکەش بە قوتابیانی پۆلی دەیەم و یازدەی بنەڕەتی لە قوتابخانەکە کرد.
لە میانەى سەردانەکەیاندا، کە بەسەرپەرشتى سامەران ئەمینی بەڕێوەچوو، فێرخوازان لەلایەن مامۆستا محمد کاکو بەڕێوبەری قوتابخانەکە و، ژمارەیەک لە مامۆستایان پێشوازییان لێکرا، پاشان هەریەک لە فێرخوازان کارزان کاروخ و نورە عیماد و ڕەیان ئازاد فێرخوازانى قۆناغی سێیەم، لەگەڵ مازن شێروانی لە قۆناغی دووەم لە هۆڵى قوتابخانەکە بابەتەکەیان پێشکەش کرد و، تیایدا ڕێنمایی جۆراوجۆریان پێشکەش بە قوتابیان کرد بۆ چۆنیەتى دروستکردنی ژینگەی لەبار و گونجاو بۆ گەیشتن بە پرۆسەی فێربوون و چۆنیەتی زاڵبوون بەسەر ئاستەنگییە پەروەردەییەکان و، خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی ژینگەى فێربوون، هەروەها باسیان لە دروستکردنی هەلومەرجی گونجاو بۆ باشترکردنی کاری پەروەردەیی و ژیان بەگشتی کرد.
هەر لە میانەى پێشکەشکردنى بابەتەکەیاندا، کە زیاتر لە (١٠٠) قوتابى ئامادەیبوون، باسیان لەو کێشە دەروونیانەش کرد، کە ڕەنگە قوتابیان لە کاتى خوێندن ڕووبەڕووییان ببنەوە، بۆ ئەوەش ڕێگەکانی زاڵبوونیان بۆ قوتابیان دەستنیشانکرد، لە کۆتایی چالاکیەکەشدا قوتابیانى قوتابخانەکە چەند پرسیارێکیان خستەڕو و لەلایەن فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر وەڵامى پێویست درانەوە.
لە کۆتاییدا محمد کاکۆ بەڕێوەبەری قوتابخانەکە سوپاسی فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد بۆ پێشکەشکردنى بابەتەکەیان و ڕێنماییکردنى قوتابیانى قوتابخانەکەیان.