فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن ڕوماڵى چالاکیەکى پزیشکى گەورە دەکەن
فێرخوازانى قۆناغى دووەمى بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر، ڕوماڵى چالاکیەکى پزیشکى بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ دەکەن.
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٣/١١/٢٠٢١) لە زانکۆى جیهان-هەولێر، بەشى بایۆلۆجى بەهەماهەنگى بانکى خوێن لە شارى هەولێر، هەڵمەتێکى فراوانى خۆێنبەخشینیان لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەبرد.
لەو چالاکیەدا، ژمارەیەک لە فێرخوازانى قۆناغى دووەمى بەشى ڕاگەیاندن، کە پێکهاتبوون لە (عوبێد بەشار، ڕفقە حسین) لە تەلەفزیۆنى جیهانەوە ڕوماڵى ئەو هەڵمەتەیان کرد، لە میانەى ڕوماڵکردنى ئەو هەڵمەتەدا، چاوپێکەوتنى ڕۆژنامەوانیان لەگەڵ کۆمەڵێک لە مامۆستایان و فێرخوازان و خوێن بەخشان ئەنجامدا، لەوانە دکتۆرە ئامینە سەباح مەحمود سەرۆکى بەشى بایۆلۆجى لە زانکۆى جیهان-هەولێر، دکتۆر هاوکار بەڕێوەبەرى بانکى خوێنى هەولێر.
ئەم ڕوماڵکردنەى فێرخوازان کاریگەرى باشى هەبوو لەسەر زیاتر بەدەنگەوەهاتنى هەڵمەتەکە و، بەشداریکردنى فێرخوازان و خوێنبەخشان بۆ بەخشینى خوێن و خزمەتکردن بەکۆمەڵگە بەگشتى و ئەو کەسانەى پێویستیان بەخوێنە بەتایبەت.
بەشداریکردنى ئەو دوو فێرخوازە لەو هەڵمەتە و، لە چالاکیە زانستیەکانى دیکەى زانکۆى جیهان-هەولێر دەرخەرى ئەو ڕاستیەیە، کە فێرخوازان توانایەکى باڵایان هەیە لە پراکتیزەکردنى وانە تیۆرییەکان، هەروەک کارئاسانیەکى باشیان بۆ دەکات بۆ کارى داهاتویان و، پەرەپێدانى تواناکانیان بەتایبەت لە بوارى ڕاگەیاندن و چۆنیەتى پێشکەشکردنى بەرنامە و بەڕێوەبردنى چالاکیە جۆراوجۆرەکان.