فێرخوازانى بەشى کارگێڕى سەرچاوە مرۆییەکان سەردانى بانکى هەولێر بۆ وەبەرهێنان و دارایی دەکەن
بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاشنابوون بەچۆنیەتى ڕایکردنى کاروبارى بانک و پراکتیزەکردنى وانە تیۆرییەکان، سەرۆکایەتى بەشى کارگێڕى سەرچاوە مرۆییەکان لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانێکى مەیدانى بۆ فێرخوازانى بەشەکەى بۆ بانکى هەولێر بۆ وەبەرهێنان و دارایى ڕێکخست.
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (١٥/١٢/٢٠٢١) بەسەرپەرشتى دکتۆر هاوکار پیرداود و، مامۆستاى یاریدەدەر باسل ڕەئوف، ژمارەیەک لە فێرخوازانى قۆناغى دووەمى بەشى کارگێڕى سەرچاوە مرۆییەکان بەشە جیاکانى بانکى هەولێر بۆ بۆ وەبەرهێنان و داراییان لە شارى هەولێر بەسەرکردەوە.
لە میانەى بەسەرکردنەوەى بەشەکانى بانکەکەدا، فێرخوازان دیدار و کۆبونەوەیان لەگەڵ لێپرسراوان و شارەزایانى بانکەکە ئەنجامدا، بەتایبەت لەگەڵ (بەختیار ڕەشید ئیسماعیل و، حەسەن محەمەد ساڵح) ئەندامى ئەنجومەنى کۆمیسۆنى بەڕێوەبردنى بانکەکە لە هەولێر، لە میانەى دیدارەکەیاندا لەگەڵ ئەو ئەندامەى ئەنجومەنى کۆمیسیۆنى بەڕێوەبردن ئامۆژگارى فێرخوازانى کرد لە گرنگى و بایەخدانیان بە بوارى ژمێریارى، دەستپاکى، شەفافیەت و پاراستنى سەرچاوەى ئەو دامەزراوەیەى کە کارى تێدا دەکات، چونکە هەموو ئەوانەى تایبەتمەندى سەرەکى کارمەندى بانک و پێویستە لەکەسایەتى ژمێریاردا هەبێ، ئەوە سەربارى تایبەتمەندییەکانى هزری پێشکەوتوو و توانای بڕیاردانی گونجاو لە کاتی خۆیدا بۆ مەبەستی بەدیهێنانی ئامانجەکانی بانک بە گشتی.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازان لەلایەن بەڕێوەبەرانەوە ئاشنای وردەکارى کارى بەشەکان و چۆنیەتى ڕاپەڕاندنى کاروبارى بانک بوون، لەهەمانکاتدا دەرفەت بەسەرجەم فێرخوازان درا تا پرسیارەکانیان ئاراستەى لێپرسراوان و کارمەندانى بەشەکانى بانکەکە بکەن، پرسیارەکانیش تایبەت بوون بەژینگەى کارکردن و، چۆنیەتى بەدەستهێنانى دەرفەتى کارى گونجاو، ڕووبەڕووبونەوەى ئاستەنگەکان لە ژیانى ڕۆژانەى بانک، بەو هۆیەشەوە فێرخوازان بەگرنگیەوە لەو سەردانەیان ڕوانى و خۆشحاڵى خۆیان پیشاندا کە لە نزیکەوە ئەم سەردانەیان بۆ ڕەخسا و ئاشناى کاروبارەکانى بانک بوون.