فێرخوازانى بەشى یاسا باس لە مەترسیەکانى ماددە هۆشبەرەکان بۆ قوتابیانى قوتابخانەیەک دەکەن
بەئامانجى هۆشیارکردنەوەى فێرخوازان لە مەترسیەکانى ماددە هۆشبەرەکان، گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغى پێنچەمى بەشى یاسا لە زانکۆى جیهان-هەولێر، ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٧/٢/٢٠٢٤) سەردانى قوتابخانەى هیواى بنەڕەتى کۆڕانیان لە شارى هەولێر کرد.
فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر دواى ئەوەى لەلایەن بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە و دەستەى کارگێڕى قوتابخانەکە پێشوازییان لێکرا، ئینجا لە هۆڵى تایبەت بە چالاکى قوتابخانەکە سمینارێکیان بەناونیشانى (مادەی هۆشبەر و کاریگەرییە نەرێنیەکانی لەسەر تاک و کۆمەڵگە) پێشکەشکرد، لە میانەى سمینارەکەیاندا فێرخوازان بەشێوەیەکى زانستى و ورد باسیان لەلایەنە نەرێنیەکانى ماددە هۆشبەرەکان کرد و، جەختیان لە گرنگى هۆشیارى قوتابیانى قوتابخانەکە کردەوە بۆ ئەوەى خۆیان لەو جۆرە ماددانە بپارێزن، بۆ ئەوەش کۆمەڵێک ڕێنمایی و ئامۆژگارییان پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد.
بەڕێوەبەر و مامۆستایان و سەرجەم قوتابیانى قوتابخانەکە پێشوازییەکى گەرمیان لە ناوەڕۆکى سیمینارەکە کرد و بە بایەخەوە لەو جۆرە چالاکیانەیان ڕوانی، لە کۆتایشدا بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە سوپاسى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد بۆ هەڵبژاردنى قوتابخانەکە و پێشکەشکردنى سمینارەکە.