فێرخوازانى بەشی ڕاگەیاندن بەگەشتێکی زانستی کەناڵی ڕووداو بەسەردەکەنەوە
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٣/١١/٢٠٢١) فێرخوازانى قۆناغی چوارەمی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان بەسەرپەرشتى دکتۆر گۆران سەباح سەردانی تۆڕی میدیاییی ڕووداویان کرد.
لە میانەى سەردانەکەیاندا، لەلایەن بەڕێوەبەری ژووری هەواڵ، بەڕێوەبەری بەشی فیچەر و بەڕێوەبەری پێوەندییەکانی ڕووداو پێشوازییان کرد.
لە یەکەم وێستگەى سەردانەکەیاندا، لەلایەن بێستون نورى بەڕێوەبەری ژووری هەواڵ بەشەکانی ژووری هەواڵی بۆ فێرخوازان شی کرایەوە، هەروەک ئاشناى ئەوە کران، کە ژورى هەواڵ لە چەند بەش پێکدێ و ئەرکى هەر بەشێکیان چییە و هەماهەنگی نێوانیان چۆنە.
لە بەشێکى دیکەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن لەلایەن بارزان محمد بەڕێوەبەری بەشی فیچەرئاشناى جۆرەکانی فیچەر و چۆنییەتی ئامادەکردنی فیچەر کران. هاوکات بەهاوەڵى خاتوو نما بەڕێوەبەری پێوەندییەکان، نما خان، فێرخوازان ستۆدیۆ و بەشەکانی ڕووداویان بەسەرکردەوە.
لەو چوارچێوەیەدا، فێرخوازان لەگەڵ دەرهێنەر و پڕۆدیوسەری بەرنامەکانی ڕووداو گفتوگۆیان لەبارەى کۆمەڵێکی بابەتى پراکتیکى و چۆنیەتى فێربوون وکارکردن لە بوارە جیاکان کرد.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، مامۆستاى سەرپەرشتیار و فێرخوازان بەشەکانى: (ئینسات، ئەرشیف، پەخش، کۆنتڕۆڵ، پێوەندییەکان، دەنگ و ستۆدیۆی ڕادیۆ)یان بەسەرکردەوە و ئاشناى کاروبارەکان و چۆنیەتى بەڕێوەچونى ئەرکە جیاکان لە دامەزراوەکە بوون، بۆ ئەو مەبەستەش لەلایەن بەڕێوەبەری تەکنیکی ڕووداو، کورتە باسێک لەبارەى کاری تەکنیکی کەناڵەکە پێشکەش بەفێرخوازان کرا و، لە نزیکەوە ئاشناى گرنگیی کارە تەکنیکییەکانی تەلەفزیۆن بوون.
زانكوى جيهان – هولير پاڵپشتی تەواوی ئەم گەشتە زانستییەی کرد و بەردەوام گەشتی زانستی بۆ فێرخوازانى لە بوارە جیاوازەکان ڕێک دەخات.