فێرخوازانى بەشەکانى کارگێڕى گشتى و کارگێڕى کار سەردانی “Pavilion by Rams” دەکەن
بە مەبەستی ئاشناکردنی فێرخوازان بە ژینگەی کاری وەبەرهێنان و پڕۆژە گەورەکان، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (٢١/١/٢٠٢٦)، کۆمەڵێک لە فێرخوازانی قۆناغی دووەمی هەریەک لە بەشەکانی (کارگێڕی گشتی) و (کارگێڕی کار) لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (ڕاز ئازاد جەلال)، سەردانێکی زانستی مەیدانییان بۆ پڕۆژەی (Pavilion by Rams) لە شاری هەولێر ئەنجامدا.
لە سەرەتای گەیشتنیاندا، شاندی فێرخوازان لە لایەن (پاشا عیماد) ڕێکخەری بازاڕکاری و خاتوو (نینا فەخرەدین) بەڕێوەبەری چالاکییەکان بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. لە دیدارێکدا، ڕوونکردنەوەی پێویست دەربارەی چالاکییەکانی “پافیلیۆن”، پێکهاتەی کارگێڕی، ستراتیژییەکانی بازاڕکاری و شێوازەکانی بەڕێوەبردنی چالاکییەکان (Event Management) پێشکەش بە فێرخوازان کرا.
لە میانەی گەشتەکەدا، فێرخوازان بەشە سەرەکییەکانی پڕۆژەکەیان بەسەرکردەوە، کە پێکهاتبوون لە بەشەکانی: بازاڕکاری (Marketing)، ڕاوێژکاری فرۆشتن، سەنتەری پەیوەندی (Call Centre)، کارگێڕی و دارایی. تێیدا ئەرک و بەرپرسیارێتی هەر بەشێک ڕوونکرایەوە، لەگەڵ تیشک خستنە سەر چۆنیەتی هەماهەنگی نێوان ئەم بەشانە بۆ دەستەبەرکردنی بەڕێوەبردنێکی کارا و بەدەستهێنانی ڕەزامەندی کڕیاران و سەرکەوتنی پرۆسە بازرگانییەکان.
لە وێستگەیەکى دیکەی سەردانەکەدا، (ڕەوەند سامی) ڕاوێژکاری یاسایی، کورتەیەکی دەربارەی چوارچێوەی یاسایی و ڕێکارە گرێبەستییەکان کە کارەکانی (Pavilion by Rams) ڕێکدەخەن پێشکەش بە فێرخوازان کرد. هەروەک جەختی لەسەر گرنگی پابەندبوونی یاسایی لە بەڕێوەبردنی کار و پڕۆژەکانی وەبەرهێناندا کردەوە و ،ڕوونی کردەوە کە ئەم پڕۆژەیە لە لایەن کۆمپانیای (EverGreen)ـەوە پەرەی پێدراوە، و کۆمپانیای (NORTH LIGHT) ئەرکی بیناسازی گرتووەتە ئەستۆ و (BY RAMS) وەک وەبەرهێنەر کار دەکات.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، مامۆستای سەرپەرشتیار و فێرخوازان سوپاس و پێزانیانی خۆیان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی و ستافی (Pavilion by Rams) کرد بۆ ئەو پێشوازییە و دابینکردنی زانیارییە بەپێزەکان.







