فێرخوازانى تەندروستى کۆمەڵ بەشدارى لە چالاکیەکى ڕۆشنبیریدا دەکەن
بۆ بەرزکردنەوە و پەرەپێدانى ئاستى ڕۆشنبیرى و لێهاتویی زمانى ئینگلیزى فێرخوازانى بەشى تەندروستى کۆمەڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر چالاکیەکى ڕۆشنبیرى بەڕێوەچوو.
لە میانەى ئەو چالاکیەدا، کە لە هۆڵى (VIP) بەئامادەبونى مامۆستاى یاریدەدەر سەروان وەسمان حەمەد سەرۆکى بەشى تەندروستى کۆمەڵ و، بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر زینە مەحمود بەڕێوەچوو، فێرخوازانى قۆناخى یەکەم بەشداریەکى کاراى چالاکیەکەیان کرد، بۆ ئەو مەبەستەش سەرەتا لەلایەن سەرۆکى بەشى تەندروستى کۆمەڵ باسى لە گرنگى چالاکیەکە بۆ فێرخوازان کرا، دواتر لەلایەن مامۆستاى سەرپەرشتیار تەوەر و ناوەڕۆکى بابەتەکانى هەریەک لە گروپەکانى فێرخوازان دیاریکرا.
لە بەشێکى دیکەى چالاکیەکەدا، گروپەکان بەجیا ئەو بابەتانەیان خستەڕو، کە بۆیان دیاریکرابوو، پاشان لەلایەن سەرۆکى بەش بەئاراستەکردنى چەند پرسیار و سەرەنج و تێبینیەک بۆ هەریەک لە گروپەکان، چالاکیەکى ڕۆشنبیرییەکە زیاتر دەوڵەمەند کرا، بەهەمان شێوە فێرخوازانى ئامادەبو بەپێى ئاست و لێهاتو و تواناى بیرکردنەوەیان کۆمەڵێک پرسیارى زانستیان خستەڕو، چالاکیە ڕۆشنبیریە بوە وێستگەیەکى گرنگ بۆ هەڵسەنگدان و پەرەپێدانى تواناى زمانەوانى و ڕەخنەگرتن و چۆنیەتى وەڵامدانەوەى پرسیارى ئامادەبوان بەزمانى ئینگلیزى.