فێرخوازانى تەندروستى کۆمەڵ سەردانى بنکەى ڕاشینى پزیشکى دەکەن
بەئامانجى پراکتیزەکردن و زانینى چۆنیەتى کارکردن لە بنکە و دامەزراوە تەندروستیە جیاکان، سەرۆکایەتى بەشى تەندروستى کۆمەڵ گەشتێکى زانستى بۆ فێرخوازان ڕێکخست.
ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (١٤/٤/٢٠٢٢) بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر نور سامى، فێرخوازانى قۆناخى یەکەم لە بەشى تەندروستى کۆمەڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانى بنکەى ڕاشینى پزیشکیان لە شارى هەولێر کرد و، لەلایەن بەڕێوەبەرانى بنکەکە بەگەرمى پێشوازیان لێکرا.
لە میانەى گەشتە زانستیەکەیاندا، فێرخوازان لە نزیکەوە ئاشناى نوێترین ئامێرە پزیشکیەکانى تایبەت بەپشکنین و تیشک کران، بۆ ئەو مەبەستەش لەلایەن سەرپەرشتیارى تاقیگە لە بنکەى ڕاشینى پزیشکى ئەوە بۆ فێرخوازان ڕونکرایەوە کە لە ئێستادا کار بەدوو ئامێرى تایبەت دەکەن، یەکەمیان پێى دەوترێ سیتى سکان (CT)، ئەوەى دوەمیشیان پێى دەوترێ ڕەنینى موگناتیسى (MRI)، بۆ ئەوەش جیاوازى کار و مەبەستى بەکارهێنانى هەریەکەیان بۆ فێرخوازان ڕونکرایەوە.