فێرخوازانى دیزاینى ناوخۆیی بەدواداچوون بۆ دیزاینى نۆژەنکردنەوەى خانووەکانى قەڵا دەکەن
لە بەردەوامى گەشتە زانستیەکانى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ ئاشنابوون بە ژینگە جیاوازەکانى کارکردن و بینینى کاروبارەکان بەشێوەیەکى پراکتیکى، سەرۆکایەتى بەشى دیزاینى ناوخۆیی بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر اوس احمد عبدالحميد گەشتێکى زانستیان بۆ قەڵاى هەولێر ئەنجامدا.
ڕۆژى دوو شەممە ڕێکەوتى (7/10/2024( فێرخوازانى قۆناغی چوارەمى بەشى دیزاینى ناوخۆیی لە قەڵاى هەولێر لە خانووەکانى (ساڵح چەلەبی، جەمیل ئەفەندی و، ڕەشید ئاغا) بەشێوەیەکى زانستى ئاشناى چۆنیەتى نۆژەنکردنەوەى خانووەکان کران، بۆ ئەوەش ئەندازیارى سەرپەرشتیار ئەندازیار ئەحمەد بەشێوەیەکى ورد باسى هەنگاوەکانى نۆژەنکردنەوە و ڕەچاوکردنى لایەنە ئەندازیارییەکەى و دیزاینە مێژوویەکەى هەریەک لە خانووەکانى قەڵاى هەولێرى بۆ فێرخوازان باس کرد، هەروەک ڕونکردنەوەى تەواوى لەبارەى ئەو ستراتیژەى بۆ نۆژەنکردنەوەى خانووەکانى قەڵای هەولێر پەیڕوى دەکەن پێشکەش بە فێرخوازان کرد.
لە میانەى بەسەرکردنەوەى بەشەکانى هەریەک لە خانووەکانى (ساڵح چەلەبی، جەمیل ئەفەندی و، ڕەشید ئاغا) و، گفتوگۆى نێوان ئەندازیارى سەرپەرشتیار و مامۆستاى بابەت، فێرخوازان زانیارییەکانیان لەبارەى چۆنیەتى ڕەچاوکردنى لایەنى دیزاینى شوێنەوارەکان و، توخمە وردەکانی خانووەکان تۆمار کرد، بەئامانجى سودوەرگرتن و دەوڵەمەندکردنى ئاستى زانست و زانیارییەکانیان.