فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بە پێشکەشکردنى چەند چالاکیەکى زانستى، بەسەرکەوتویی کۆتاییان بە کۆرسێکى خوێندن لە پۆڵندا هێنا
لە زانکۆى وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان (Warsaw University of Life Sciences ) لە پۆڵندا؛ فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بە پێشکەشکردنى چەند چالاکیەکى زانستى، بەسەرکەوتویی کۆتاییان بە کۆرسێکى خوێندن هێنا.
لەو چوارچێوەیەدا عومەر عادل عەباس فێرخوازى بەشى کارگێڕى کار، لەگەڵ چەند فێرخوازێکى هاوکارى بابەتێکیان لەبارەى جیاوازی شیر لە نێوان عێراق و تورکیا و فەرەنسا و پورتوگال وەک بەشێک لە خولی (بەکاربەر لە بازاڕدا) پێشکەشکرد.
هاوکات نیان عثمان محمد فێرخوازی بەشی نیوتریشن و دایتیتیکس؛ کۆتا سیمینار و ڕاپرسی خۆیان پێشکەشکرد، کە لەگەڵ سێ لە هاوپۆلەکانی بەشێوەی گروپ لەبارەى جۆرەکانی نان و بەکارهێنانی لە وڵاتەکانی (ئێراق ،ئەڵمانیا، لاتیڤیا و، پرتوگال) ئەنجامیاندا بوو، بەپێی ڕاپرسییەکە لە هەر لەو وڵاتانە نان وەک خواردنێکى سەرەکى و گرنگى ڕۆژانە بەکاردەهێنرێ، بەڵام لە ئیراق و ئەڵمانیا بەرێژەیەکى زیاتر.
پاشان هەریەک لە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر عومەر عادل عەباس فێرخوازى بەشى (کارگێڕى کار)، هەردى عوبێد لە بەشى (پەرستارى تەندروستى کۆمەڵ) و عبدالرحمان یعرب لە بەشى (بایۆمیدێکاڵ) و نیان عثمان محمد فێرخوازی بەشی (نیوتریشن و دایتیتیکس) بەشدارییان لە ئاهەنگی ماڵئاوایی کرد، کە وەک دواین چالاکییە لەلایەن تۆڕی فێرخوازانى ئیراسموس (ESN)ەوە ڕێکخرابوو. لە میانی ئاهەنگەکەدا لەگەڵ ئاماژەکردن بە دەسکەوت و چالاکیە زانستیەکانیان لەماوەى ئەو کۆرسەى خوێندن، کۆمەڵێک وێنەى یادگاریان لەگەڵ فێرخوازان لە نەتەوە و زانکۆکانى وڵاتانى دیکەدا گرت، کە لە زانکۆى وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان (Warsaw University of Life Sciences ) خوێندنەکەیان تەواو کرد.