فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە زانکۆى (SGGW) لە پۆڵندا؛ پشکنین بۆ چالاکیی دەردراوەکان بە بەکارهێنانی ئەسید فۆسفات دەکەن
فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر، لە بەردەوامى چالاکیە زانستیەکانیان لە تاقیگەکانى زانکۆى وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان (Warsaw University of Life Sciences)، بەشێوەیەکى پراکتیکى پشکنین چالاکیی دەردراوەکان بە بەکارهێنانی ئەسید فۆسفات دەکەن.
بۆ ئەو مەبەستە ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٢٣/١٠/٢٠٢٤) هەریەک لە پەیوەند پشتیوان پوشۆ لە بەشى (شیکاریی تاقیگەى پزیشکی) و سەلمان مەرهەم محەمەد لە بەشى (پەرستارى تەندروستى کۆمەڵ)ى زانکۆى جیهان-هەولێر بە چاودێرى و سەرپەرشتى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئانا ڕیبارچیک (Anna Rybarczyk ) لە تاقیگەی “بایۆکیمیا”، بەشێوەیەکى پراکتیکى بەشداریان لە سێ پشکنینى تایبەت بە چالاکیی دەردراوەکان بە بەکارهێنانی ئەسید فۆسفات کرد. لە ئەنجامدا، چەند خاڵێکى گرنگیان بۆ دەرکەوت کە کاریگەریان لە دەردراوەکان هەیە.
لەلایەکى دیکەوە، هەردوو فێرخواز بەسەرپەرشتى دکتۆر ئیوا فورستنبێرگ (Dr. Ewa Fürstenberg) بەشدارییان لە چالاکیەکى دیکەى زانستى کرد، کە تایبەت بوون بە فیزیۆلۆژیای ماسولکەکانی ئێسکەپەیکەر و فیزیۆلۆژیای وەرزشکردن، بۆ ئەو مەبەستەش فێرخوازان گرژبوونی ماسولکەکانیان وەک کارکردەی چڕی هاندەر پێوانە کرد و، هەڵسەنگاندنیان بۆ دڵ و خوێنبەرەکان کرد، ئەوەش لە ڕێگەی پارامێتەرەکانی هیمۆداینامیک دوای وەرزشکردن، چالاکیەکە بووە ئەزمونێکى نوێ بۆ یارمەتیدانى فێرخوازان بۆ تێگەیشتنى باشتر لە پەیوەندی نێوان چڕی هاندەر، وەڵامدانەوەی ماسولکەکان و گونجانی دڵ و خوێنبەرەکان لە کاتی وەرزشکردندا.
ڕاهێنان و ئەنجامدانى چالاکى زانستى بە شێوەیەکى کردارى کاریگەرى ئەرێنى لەسەر ئاست و تواناى فێربونى فێرخوازان دروست دەکات و، ڕەنگدانەوەى ئەرێنى دەبێ لەسەر باشتر تێگەیشتنى فێرخوازان، کە دواجار لە ژینگەى کارکردندا بەرکەوتەیان لەگەڵدا دەبێ.