فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە پۆڵندا بەشدارى لە کۆنفرانسێکى زانستى دەکەن
لە زانکۆى وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان (Warsaw University of Life Sciences) کۆنفرانسێکى زانستى لەبارەى “هەنگ بەخێوکردن و پەرەپێدانى بەردەوام لە بوارى کشتوکاڵ و خۆراک” بەڕێوەچوو. لەو کۆنفرانسەدا، کە بەئامادەبوونى (ماریک سیسلینسکی) بەڕێوەبەری بەشی کشتوکاڵی ئۆرگانیک و کوالیتی خۆراک بە نوێنەرایەتى وەزیری کشتوکاڵ و پەرەپێدانى گوندەکان و چەندین لێپرسراوانى بوارى کشتوکاڵى و پەرەپێدانى گوندەکان لە بوارە جیاوازەکان ئامادەیبون، چەندین چالاکیەکى جیاى تێدا پێشکەشکرا.
هەر لە میانەى بەڕێوەچوونى کۆنفرانسەکەدا، کە ڕۆژى پێنچشەممە ڕێکەوتى (١٧/١٠/٢٠٢٤) بەڕێوەچوو، هەریەک لە موجتەبى سەباح عبدالحسن لە بەشى (نیوتریشن و دایەتێتیکس) و هاجەر محەمەد عەلى لە بەشى (چارەسەرى سروشتى) لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەشداریان تێدا کرد، پڕۆفیسۆر دکتۆرا میچال زاسادا (Michał Jerzy Zasada) سەرۆکی زانکۆی وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان SGGW وتارێکى پێشکەش کرد و، تیایدا لە جەختی لەسەر گرنگی پێشخستنی بیرۆکەی پەرەپێدانى بەردەوام و ڕۆڵی سەرەکی لە داڕشتنی ستانداردە هاوچەرخەکان لەم بوارەدا کردوە. لە بەشێکى دیکەى کۆنفرانسەکەدا، چەندین توێژینەوەى زانستى ئاستبەرز لە بوارەکانى بایۆلۆژی و تەکنەلۆژییەکانی پێشکەوتنى بوارى کشتوکاڵى و هەنگەوانی پێشکەش کران، لەو چوارچێوەیەشدا پرۆفیسۆر دکتۆر (فرانسيسزيك كامبكا) توێژینەوەیەکى بەناونیشانى “هێزی گۆڕینی هەنگ – لێدانی باڵە بچووکەکان” پێشکەشکرد و، تیایدا تیشکی خستە سەر ڕۆڵی سەرەکی هەنگ لە ئیکۆسیستەمى کۆمەڵگە و بەشدارییە گرنگەکانى لە پاراستنی هاوسەنگی بایۆلۆژیدا.
هەروەک لە پەراوێزى کۆنفرانسەکەشدا کۆمەڵێک بەرهەمى کشتوکاڵى و هەنگاوانى نمایش کرا و، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێریش جگە لە بەشداربون لە خستنەڕو و تاوتوێکردنى توێژینەوە زانستیەکان، بەشەکانى پیشانگە و بەرهەمە کشتوکاڵى و هەنگاوانیەکانیان بەسەرکردەوە و، لە نزیکەوە ئاشناى ئاستى پێشکەوتنەکان و بەرهەمەکان بوون.